١١٥ ملیار دینار بۆ سنووری شنگال دابین كراوە.. حكوومەتی هەرێم لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بەردەوامە

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال رایگەیاند، "حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاوەدانكردنەوەی سنووری شنگال بەردەوامە و، هەروا حكوومەتی عێراقیش بڕی ١١٥ ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووین".
قایمقامی شنگال (مەیسەر حەجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ڕۆژانە هاووڵاتیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە ئازاد كراون، ئێستایش زیاتر لە 40 هەزار هاووڵاتیی سنوونێ و كۆمەڵگەكانی دەوروبەری گەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان، ئێمەیش بۆ كارئاسانیی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە و خەڵكی شنگال كە ئێستا ئەوانیش هەندێكیان لە سنوونێ نیشتەجێ بوون، قایمقامییەت و فەرمانگەكانی شنگال لە سنوونێ كراونەتەوە؛ لەوێ ئیشوكاری هاووڵاتیان رادەپەڕێنرێت تا شنگال بە تەواوەتی ئازاد دەكرێت".
(مەیسەر حەجی) گوتیشی، "دوای ئازادكردنی هەموو ناوچەكانی سنووری شارۆچكەی شنگال، دەست دەكەین بە ئاماری ئەو هاووڵاتیانەی زیانیان بەر كەوتووە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا قەرەبوویان بكەینەوە، هەروا ئەو هاووڵاتیانەی كە فۆڕمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی و هەموو كەلوپەلەكانی دیكەیان ون كردوون، سەر لەنوێ بۆیان تازە دەكەینەوە".
قایمقامی شارۆچكەی شنگال ئاماژەیشی دا، "ئێستا ژیان لە سنوونێ و دەوروبەری بە تەواوەتی ئارامە، بەڵام داعش خانووی هاووڵاتیانی ناوچەكەی بە تەواوەتی تاڵان كردووە و ناوچەكەیان تێك داوە، حكوومەتی هەرێمیش زۆربەی زۆری پڕۆژەكانی بۆ ناوچەكە دابین كردوون و بەردەوامیش هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە دەدات، هەروەها حكوومەتی عێراقیش 115 ملیار دیناری لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە تەرخان كردووە، بەڵام ئەو بڕە بەس نییە و پێویستە حكوومەتی عێراق زیاتر هاوكارمان بێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە".
رابین شێروانی




