كەنەدا بۆ هەرێمی كوردستان: لە شەڕی داعش لەگەڵتانین و تا كۆتاییش دەمێنینەوە
__2015_01_29_h16m29s54__LB.jpg)
هەولێر-KDP.info- باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بە جۆرێك دووپات كردەوە كە ئەوان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەبن و؛ تا كۆتایی جەنگەکەییش واتە سەركەوتنی یەكجارەكیی هەرێمی كوردستان بەسەر تیرۆریستاندا، كەنەدا پشتگیریی هەرێمی كوردستان دەكات.
كەنەدا وەك وڵاتێكی چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی كورد دژ بە تیرۆریستانی داعش بە بەردەوامی پشتگیریی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و لە ئێستایشدا پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان كەنەدا و هەرێمی كوردستاندا هەیە. باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق (برونۆ ساكۆمانی) لە میانی سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامبوونی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە بواری مرۆیی و سەربازی دووپات كردەوە و رایگەیاند، رەوشەكە بە بەراورد لەگەڵ مانگێك پێشتر، زۆر باشتر بووە. گوتیشی"ئێمە لەم شەڕەدا لەگەڵتانین و تا كۆتاییش لە هاوكاریكردنتان بەردەوام دەبین".
پێوەست بە ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق دەڵێت، "40 ملیۆن دۆلارمان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كردووە. هەروەها گوتی كە، بە دوای باشترین رێگەچارە دەگەڕێن بۆ یارمەتیدانی ئاوارە ئێزدییەكان كە تووشی حاڵەتی دەروونی بوون". ئەم گوتانەی باڵیۆزی كەنەدا لە میانی دیدارێكدا هاتن كە لەگەڵ بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا) كۆ بووەوە.
لە كۆبوونەوەكەیشدا (فەلاح مستەفا) ستاییشی یارمەتییە سەربازی و مرۆییەكانی كەنەدای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند، كەنەدا لە سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەی ئاساییش و مرۆیی لە هەرێمی كوردستان رۆڵێكی زۆر باشی گێڕاوە.
باڵیۆزی كەنەدا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكان دژی كوردانی ئێزدی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە كۆتایی دیدارەكەیشدا وێڕای تیشكخستنەسەر هاوكاریی نێوان كوردستان و كەنەدا لە بوارە جیاوازەكاندا، جارێكی دیكە هەردوولا جەختیان لە بەهێزكردنی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا لە تەواوی بوارەكاندا، كردەوە.
جێی ئاماژەیە كەنەدا بەشداریی لە چوار پڕۆژەی پەرەپێدانی هەرێمی كوردستاندا كردووە، وەك نۆژەنكردنەوەی 700 قوتابخانە لە دهۆك و كاركردن لەگەڵ دامەزراوە داراییەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ پێشخستنی سیستەمی بانكی.




