لیژنەی باڵای فەتوا: زیادەڕۆیی لە کارەبادا حەرامە

هەولێر-KDP.info- لیژنەی باڵای فەتوای یه‌كیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت، هه‌ر زیاده‌ڕۆییێك له كاره‌بادا بكرێت له هه‌رێمی كوردستاندا، جا خەڵکی بیکەن یان ده‌زگاکانی حكوومەت، یاخوود رێكخراوه‌كان "حه‌رامه" و دروست نییه.
لیژنەی باڵای فەتوای یه‌كیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی شەرعیدا، دەربارەی به‌كارهێنانی كاره‌بای نیشتیمانی به شێوه‌ی نائاسایی کە، ئایا حه‌ڵاڵه و دروسته یان نا؟ دەڵێت "لێژنه‌ی باڵای فه‌توا پاش لێكۆڵینه‌وه و تاوتووكردنی ئه‌م بابه‌ته و به سوودوه‌رگرتن له ڕای زانایانی فیقهی ئیسلامی، له كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 28/1/2015، به ڕای زۆرینه‌ی ئه‌ندامه‌كانی بڕیاری دا: ده‌ست گرتن و پاراستنی ئه‌ركێكی ئایینی و نیشتیمانی هه‌موو لایه‌كه، چ وه‌ك تاك، چ وه‌ك كۆمه‌ڵ، چ وه‌ك حكوومه‌ت، هه‌ر زیاد بەکارهێنانێک و زیادەڕۆییێک نادروست و نایاساییە و رێگه پێدراو نییه؛ ئەمە ده‌چێته خانه‌ی حه‌رامه‌وه، به غه‌ش و دزی هه‌ژمار ده‌كرێت.
لیژنەی باڵای فەتوای یه‌كیەتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان هاوکات ڕایدەگەیەنێت، "هه‌ر زیادەڕۆییێک له كاره‌بادا پۆلین ده‌كرێت له بابی: إسراف، زانایانی فیقهی ئیسلامیش به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی(إسراف)ـیان كردووه: الإسراف: صرف الشیئ فیما ینبغی زائداً على ما ینبغی، واته: ئیسراف بریتییه لە به‌كارهێنانی شتێكی پێویست زیاد له پێویستی خۆی، هه‌روه‌ها پێناسه كراوه به: الإسراف: ما زید بعد المطلوب. هه‌ر شتێ زیاد له پێویستی خۆی به‌كاری هێنا ئیسرافه، خوای گه‌ورە‌ِ له قورئانی پیرۆزدا فه‌رموویه‌تی: (ولا تسرفوا إن الله لایحب المسرفین ). واته : زیاده‌ڕۆیی مه‌كه‌ن، چونكه بێگومان خوا زیاده‌ڕۆییكا‌رانی خۆش ناوێن، زانایان رێگه‌یان نه‌داوه به زیاده‌ڕۆیی هه‌تا له ئاوی ده‌ستنوێژ و خۆشوردن و خواردن و هه‌ر شتێكی تر."
لیژنەی فەتوا له ڕوانگه‌ی ئه‌م ئایه‌ت و فه‌رمودانه‌وه، هه‌ر زیاده‌ڕۆییێك له كاره‌بادا بكرێت له هه‌رێمی كوردستاندا جا چ وه‌ك تاك، چ وه‌ك ده‌زگاکانی حکوومەت یان رێكخراوه‌كان بیکەن، حه‌رامه و دروست نییه.




