٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وێستگەی خورمەڵە بخرێتە كار، رۆژانە چوار سەعات كارەبا زیاد دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان دەڵێت، وێستگەیەكی كارەبا ئامادەیە ئەگەر بكەوێتە كار مانگی داهاتوو رۆژانە ٢٠سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەكەوتووەتە كار، بۆیە رەنگە مانگی داهاتوویش بەهەمان شێوە رۆژانە ١٦سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان بدرێت.

بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان ئەندازیار (ئومێد ئەحمەد یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا ئێمە وێستگەیەكمان لە خورمەڵە هەیە كە ٦٥٠مێگاواتە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كە سوتەمەنییێكی زۆری دەوێت، تائێستا نەخراوەتە كار،  ئەگەر بشكەوێتە كار رۆژانە چوار سەعات كارەبا زیاد دەكرێت".

ئەندازیار (ئومێد ئەحمەد) گوتیشی، "ئێمە وەكو وەزارەت بە نووسراوی فەرمیی داوامان لە حكوومەت كردووە، كە سوتەمەنیمان دابین بكات و حكوومەتیش ئەگەر توانای هەبێت كەمتەرخەمی ناكات و لە هەوڵی دابین كردنی سوتەمەنیداین".

بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەن سێ هەزار مێگاواتە، بەڵام بە هۆی خواستی زۆرەوە پێویستمان بە پێنج هەزار مێگاوات هەیە، بۆیە ئەگەر هیچ شەپۆڵێكی دیكەی سەرما نەبێت، مانگی داهاتوو وەكو ئەم مانگە رۆژانە ١٦سەعات كارەبا دەدرێتە هاووڵاتیان.
ئەندازیار(ئومێد) راشیگەیاند، "ئەگەر كارەبا بەم شێوەیە بێت، پلەكانی گەرما نزم ببنەوە و هاووڵاتیانیش كارەبای زیاد بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكار بێنن، بە راشكاوی دەڵێم پێدانی كارەبا كەمتر دەبێتەوە".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار