٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان چین؟ هاککەران لەناو زانیاری کەسیدا چی دەدزن؟

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO  - هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان لە کورتترین پێناسەدا واتە هەوڵدانی هاککەران بۆ تێکشکاندن و، پارچە پارچەکردن و، دەست پێڕاگەیشتنی زانیاری و، نهێنی تۆڕ و سیستەمەکانی کۆمپیوتەر. ئەو هێرشانە لە ناو تۆڕەکانی ئیتەرنێتدا ئەنجامدەدرێن.

(نیوز ویک) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی لە کانونی دووەمی پاردا لە ئەمەریکا هاککەران (١١٠) ملیۆن ئەکاونتی (حیسابی) زانیاری کەسیان دزیوە، لە مانگی ئابیشدا (٨٣) ملیۆن ئەکاونت هاککراوە و ئەوانیش هەر زانیاری کەسیان لێ دزراوە و، لە مانگی ئەیلولیشدا گەنجینەی ئەمەریکا (٥٦) ملیۆن ئەکاونتی هاککراوە.
لە کۆتاییەکانی پاریشدا، کۆمپانیای سۆنی هێرشێکی گەورەی ئەلکتڕۆنی کرایەسەر، ڕۆیتەرز لەو بارەیەوە نووسیویەتی لەو هێرشە ئەلکتڕۆنیەدا زەرەر و زیانی ١٠٠ ملیۆن دۆلاریان پێگەیشتوە، ئەوە جگە لەوەی کە شەش مانگیشیان پێویستە تاکو سیستەمە کۆمپیوتەرییەکەیان سەرلەنوێ ڕێکدەخەنەوە،  هەڵبەت سۆنی ئەوە دووەم جاریەتی لێی دەقەومێ، لە ساڵی ٢٠١١ یشدا تۆڕی پلەیستەیشنیان لێ هاککردن و خەسارەتی ١٧١ ملیۆن دۆلاریان پێگەیاندن.

هاککەران لەناو زانیاری کەسیدا چی دەدزن؟
لە ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی کە سیستەمی بانکی تیاندا پێشکەوتوە، هەرکەسێک حساب بانکی خۆی هەیە و، هەندێک کەس دووان سێیانێکیان هەیە و، هاککەران ژمارەی کارد بانکەکانیان دەدزن و دواتر لەبازاڕی ڕەشدا شتیان پێ دەکڕن پارەکە ساخ دەکەنەوە.
دوو جۆر کاردی بانکی هەیە، هەیانە لە جۆری کردێت کارد کە بانک پارەی خۆی دەخاتە سەر حسابەکە و کەسی بەکارهێنەر دەتوانێت شتی پێبکڕێت و دواتر بڕی پارەکە بە قیست بۆ بانکەکە بگێڕێتەوە، جۆرەکەی تریان (دێبت کارد)ە کە ئەوەیان خاوەنی دێبت کاردەکە خۆی پارەی خۆی دەخاتە سەر حسابەکەی، هەڵبەت هاککەران هەردوو جۆرەکەیان گەرەکە.
بەپێی هەواڵێکی (نیوز ویک) ساڵی پار لە ئەمەریکا (٧٠) ملیۆن کڕیار دوای شتومەک کڕین زانیاری کەسیان لێ دزراوە، لەناویاندا (٤٠) ملیۆن کەسیان زانیاری کردێت کاردەکانیانیشیان لێدزراوە، هاککەران بە زانینی زانیاری کریدێت کاردەکانیان لە بازاڕی ڕەشدا بایی (٥٣،٧) ملیۆن دۆلار شتیان پێ کڕیون.
با لە ئەمەریکاوە بچینە بەریتانیا بزانین لەوێ چی دەگوزەرێ، کۆمپانیای بانکی لۆیدز، کە لە بەریتانیایە ساڵی پار (٢.٥) بلیۆن دۆلاریان بیمە داوە بۆ پارێزگاریکردنی بانکەکەیان و بەرگرتن لە هێرشی هاککەران.
ئینگا بیڵ، گەورە بەڕێوەبەری بانکی لۆیدز گوتی: لەو ساڵانەی تازەدا بانکەکان زۆر بە گرنگیەوە لە هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان دەڕوانن، چونکە خەسارەتمەندی گەورە ئەوانن.
بیڵ پێی وابوو ساڵانە هاککەران خەسارەت و زیانی گەورە دەگەینن بە بازرگانیەکان لە گەورە و بچوک، کە مەزەندەی کرد بە ٤٠٠ بلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.

خۆپارێزی لە هێرشە ئەلکتڕۆنەکان چۆن دەکرێت:
لە وڵاتێکی گەورەی وەکو ئەمەریکا کە سیستەمێکی ئەلکتڕۆنی پێشکەوتو و ئابوری و، بازرگانیەکی فراوانی هەیە، لە هەمووان زیاتر لە هێرشی ئەلکتڕۆنی دەترسێت، ناهەقیشێ نیە چونکە هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان خەسارەتی گەورەی ئابوری بە بازرگانیەکان و هەتا خەڵک ئاسایی دەگەینن، وڵاتە پێشکەوتوەکان بودجەی تەرخانکراویان هەیە بۆ دابینکردنی ئاسایش لەبەرامبەر هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان،.
ساڵ بە ساڵ بودجەی زیاتریشیان پێویستە بۆ خۆپارێزی لە هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان، ئەمەریکا ساڵی پار (٤٤٧) ملیۆن دۆلاری تەرخان کردبوو بۆ دابینکردنی ئاسایش لە بەرامبەر هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان، ئەو بودجەیە بەبەراورد بە ساڵی ٢٠١٠ چوار قات زیادی کردووە کە ئەو کات تەنها ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

گرنگی هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان لە کۆڕبەندی ئابوری داڤۆس:
کۆربەندی ئابوری داڤۆسیش لەو ساڵدا گرنگیەکی زیاتر لە جاران بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلکتڕۆنیەکاندا، بەڕیوەبەرە باڵاکانی بەشداربووی کۆڕبەندەکە هۆشداریاندا کە ٢٠١٥ لە ٢٠١٤ باشتر نابێت، لەوێ چەند ڕێوشوێنێکی پێویست باسکران بۆ پارێزگاری کردنی داتاکان لە هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان و، هەروەها دەپاتیانکردەوە کە پێویستە وڵاتان و کۆمپانیا بازرگانیەکان لەمەڕ هێرشە ئەلکتڕۆنیەکان کاری پێکەوەیی و جدی زیاتر بکەن.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار