بەغدا..بودجەی عێراق کەمکرایەوە بۆ ١١٩ ترلیۆن دینار..سبەینێ راپۆرتی دارایی پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت

بەغدا-KDP.info-بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە، کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی کۆتاییان پێوەست بە ئامادەکردنی راپۆرتی بودجەی عێراق کردووە و، بەشێوەیەک راپۆرتەکەیان ئامادە کردووە کە بودجەیان لە ١٢٥ ترلیۆن بۆ ١١٩ ترلیۆن دینار کەمکردووەتەوە، چونکە خەرجییەکانی لێ کەمکراوەتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق (ئەحمەدی حاجی ڕەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق كۆتا كۆبوونەوەی خۆی لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە ئەنجام دا و؛ راپۆرتەکە بە تەواوەتی ئامادەکرا و؛ سبەێنێ پێشکەشی پەرلەمانی دەکەن.
بڕیاردەرەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق راشیگەیاند کە، داهاتە گشتییەكان كەمكراوەتە بە گوێرەی ئەوەی نرخی بەرمیلی نەوت لە 60 دۆلار دابەزییوە بۆ ٥٦ دۆلار، بۆیە بودجەی گشتیی عێراق خەرجییەکانی لێ کەمکرایەوە و لە ١٢٥ ترلیۆن دینار کرا بە ١١٩ ترلیۆن، بەڵام کورتهینان وەک خۆی ماوەتەوە و، رێژەی بەکارخستن و وەبەرهینانیش وەک خۆی ماون.
لەبارەی پەسەندكردنی بوودجە (ئەحمەدی حاجی ڕەشید) گوتی کە، ئێمە لەسەر بڕگەیەك كە دەوڵەتی یاسا پێشنیازی كردبوو نیگەرانیمان دەربڕی و ناڕازین و بەشێوەیەکی فەرمییش ئەو ناڕەزایەتییەمان تۆمار کردووە، چونکە زیانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و خوازیاریشین تا بەیانی بتوانین ئەو بڕگەیە هەرچۆنێک بێت نەیهێڵین.
نەشوان بەرزنجی




