بریکارە کوردەکەی وەزارەتی نەوت هۆکاری لێکتێنەگەیشتنی هەولێر و بەغدایە ..؟ لە جیاتی وەزیر نووسراوی واژۆ کردووە

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق کە کوردە كۆ بووینەوە، لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی بە واژۆی ئەو رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە كە گوایە هەرێمی كوردستان پابەند نییە بەو ڕێكەوتنەی لە نێوان هەر دوو لا كراوە.
دوای ئەوەی چەند زانیارییەک بڵاوبوونەوە کە، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق کە کوردە بووەتە هۆکاری لێکتێنەگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەتایبەت لەسەر ئەو راپۆرتەی کە بە واژۆی ئەو رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە و، زانیاری نادروستی تێدا بڵاو کراوەتەوە و بۆچوونی بەغدایش لەسەر هەولێر گۆڕاوە، ئەمڕۆ فڕاکسیۆنە کوردییەکانی بەغدا بانگهێشتی بریکاری وەزارەتی نەوتیان کرد و ئەویش راستییەکەی بۆ ئاشکرا کردن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (سیروان سیرینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئەمڕۆ هەموو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق (موعتەسم) کە کوردە كۆبووینەتەوە، كۆبوونەوەكەیش لە دوای ئەوە هات، دوای ئەوەی كە هەواڵێك بڵاوكرایەوە، كە گوایە، نووسراوێک بە واژۆی ئەو رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە، كە باس لەوە كراوە حكوومەتی هەرێم پابەند نییە بە ڕێكەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەویش ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە دانیشت و راستی بابەتەكەی بۆ ئێمە شی كردەوە، كە هەموو فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لەو كۆبوونەوەیە بەشدار بووین، باسی ئەوەی كرد كە، حەفتانە راپۆرتی تەکنیکیمان بۆ دێت لەسەر داهات و ئەو بڕە نەوتەی فرۆشراوە، ئێمەیش بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەینێرین، ئەو ڕۆژەیش كە گوایە وەزیری نەوت لەوێ نەبووە، تەلەفۆنی بۆ كردووە ئەو نووسراوە لە جیاتی وەزیر واژۆ بکات و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكات، كە ئەو نووسراوە لە 1 ـی ئەم مانگە تا 18 مانگ باس لە ڕەوشی هەناردەی نەوتی هەرێمی كردووە، كە ئەوەیش بووەتە مایەی نیگەرانی. (سیروان سیرینی) گوتیشی کە، بەو دوایە لێرە و لەوێ هەندێك دەنگی نارەزای هەن و نایانەوێت رێكەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و دژی ئێمە و سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی)ـین.
( سیروان ) گوتیشی، ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ئەوە بووە كە، زیاتر بەرگری لە هەڵوێستی خۆی بكات، بەڵام دیار بوو ناچار بووە كە وەزیر لەوێ نەبووە، بۆیە لە جیاتی ئەو نووسراوەکەی واژۆ کردووە.
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرایشی کرد کە، هەفتەی رابردوویش لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆبووینەوە و باس لەوە كرا، كە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بە هەمووشێوەیەك پابەند دەبین بەو ڕێكەوتنەی لەنێوان هەردوو لا كراوە، بۆیە هەم خەڵكی عێراق و هەم خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە وەك هەرێمی كوردستان پابەندە و پابەندیش دەبێت بەو ڕێكەوتنە.
رابین شێروانی




