٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی ئەورووپا: کورد شایەنی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنن

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info-جێگری سەرۆکی پەرلەمانی یەکیەتی ئەورووپا رایگەیاند کە، ستاییشی ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان دەکەم و کورد شایەنی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنن.

لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیەتی ئەورووپا،  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (دلاوەر خالد ئاژگەیی) لە یەکیەتی ئەورووپا لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا (ریچارد چارنێکی) کۆ بووەوە.
لە سەرەتادا (چارنێکی) وێرای پێشوازییەکی گەرم، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە کاتێکی هەستیاردا چاوی بە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە و، لە میانەی دیدارێکدا باس لە جەنگی بەگژداچوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کرا و لەو بارەیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ئاماژەی بە ئازایەتی و بەرخۆدانی پێشمەرگەی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان خواست.
هەر لە چوارچێوەی هەمان تەوەردا (دلاوەر ئاژگەیی) ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ڕوبەڕوی گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی بوینەتەوە، هاوکات کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و دەرەوەی لەخۆ گرتووە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاریکاری و پشتیوانی پتری یەکیەتی ئەورووپای کرد و ڕایگەیاند کە، پێویستە  پەرلەمانی ئەورووپا پتر گوشار بخاتە سەر وڵاتانی ئەندام بۆ ناردنی هاریکاری مرۆیی و سەربازی بۆ کوردستان. لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە پێوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکیەتی ئەورووپا کرا و لەو چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ستاییشی ئەزموونی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە، کورد شایەنی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنن. لە بەرانبەریشدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆڤانەیە، هاوکات بانگهێشتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپای کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئەو بانگهێشتەی قبوڵکرد و بەڵێنی دا لە زووترین دەرفەتدا ئەو سەردانە ئەنجام بدا.  لە کۆبوونەوەکەدا چەند هەنگاو و میکانیزمێکی پراکتیکی لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە برۆکسل تاوتوێکران.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 27/1/2015 نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (دلاوەر ئاژگەیی)  لە باڵەخانەی نوێنەرایەتی پێشوازی لە پەرلەمانتاری ناسراوی ئەوروپی و رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی گروپی کۆنسێرڤاتیڤ و رێفۆرمیتەکان و دۆستی گەلی کورد (چارڵس تەنۆک) کرد. لە میانەی دیدارێکدا، ڕووداو پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و یەکێتی ئەوروپا باسیان لێوەکرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا (دلاوەر ئاژگەیی) و هاوکارانی لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم بە گەرمی بەخێرهاتنی پەرلەمانتار چارلس تەنۆک-یان کرد و سوپاسیان کرد بۆ ئەو سەردانە دۆستانەیە. لە لای خۆشیەوە (تەنۆک) خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە وەک سەرۆکی گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا سەردانی نوێنەرایەتی کوردستان دەکات. (تەنۆک) جارێکی دی دوپاتیکردەوە کە، بە هیوای ئەوەیە سەربەخۆیی کوردستان ببینێ  و ڕایگەیاند کە، کوردەکان بەرگری لە دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ و تێکڕای ئەو پرەنسیپانە دەکەن کە وڵاتانی ئەوروپی کار و خەباتی بۆ دەکەن.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە کردنەوەی نوێنەرایەتی سیاسی یەکیەتی ئەوروپا لە هەولێری پایتەخت کرا و، هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی کە هەنگاوێکی ئەرێنییە و، نیشانەی بایەخدانی یەکیەتی ئەوروپایە بە پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان.
هەر لە چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، باس لە سەردانی گروپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی ئەوروپا کرا بۆ هەرێمی کوردستان و ئامادەکارییەکانی ئەو سەردانە تاوتوێکران.
(چارڵس تەنۆک) هەروەها پیرۆزبایی خۆی گەیاندە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنەکانی هێزە کوردییەکان لە بەشێکی بەرچاو لە هەرێمی کوردستان و هەروها کۆبانی و ئازادکردنی ئەو شارە لە دەستی چەپەڵی تیرۆریستانی داعش و هیوای خواست لە دەرفەتێکی نزیکدا تەواوی شارەکانی دیکە ئازاد بکرێن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار