شەشۆ: ڕێگە نادەین بەغدا هێز رەوانەی شنگال بكات

شنگال-KDP.info-باس لەوە دەكرێت كە بەغدا بۆ گرتنەوەی شنگال و ئەو ناوچانەی دەكەونە سەر سنووری وڵاتی سوریا، هێز رەوانەی ئەو ناوچانە دەكات.. فەرماندەیەكی پێشمەرگەیش لە شنگال دەڵێت، ئێمە دژی ئەوەین بەغدا هێز رەوانەی شنگال بكات، ئەگەر بە رەزامەندی سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی هەرێم نەبێت، ڕێگە بە هیچ هێزێك نادەین بێتە نێو شنگالەوە.
فەرماندە پێشمەرگە لە شنگال ( قاسم شەشۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، باس لەوە دەكرێت كە حكوومەتی عێراق نیازی وایە هێز رەوانەی شنگال و ئەو ناوچانەی دەكەونە سەر سنووری وڵاتی سوریا بکات بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، بەڵام ئێمە وەك فەرماندەكانی پێشمەرگە و خەڵكی ناوچەكە ڕێگە بە هێزی عێراقی نادەین، هەروا ڕێگەیش بە هیچ هێز و لایەنێك نادەین بێتە شنگال، ئەگەر بە رەزامەندی سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی هەرێم نەبێت، هەروەها شنگال و ئەو ناوچانە دەكەونە سنووری ماددەی 140، بە پێی یاسا بەغدا ناتوانێت هێز رەوانەی ئەو ناوچانە بكات.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە گوتیشی، دوای گرتنەوەی جەلەولا و سەعدیە هێزی عێراقی لەو شوێنانە جێگیر بووە، ئێستا ئامادەنین وا بە ئاسانی لەناوچەكە بچنە دەرەوە، ئەوەیش كێشەی بۆ كوردانی ناوچەكە دروست كردووە، بۆیە ئەگەر بێنە شنگالیش هەمان كێشە دووبارە دەكەنەوە و بە ئاسانی لەناوچەكە ناچنە دەرەوە، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە دەتوانین زۆر بە ئاسانی تەواوی شنگال ئازادبکەینەوە.
رابین شێروانی




