خه‌سرەو گۆران: چاوه‌ڕوانین بوودجه په‌سه‌ند بكرێت.. ڕه‌وانه‌نه‌كردنی پاره‌کەی هه‌رێم لەبەر ئەوەیە

هه‌ولێر -KDP.info- سه‌رۆكی لیستی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، لیژنه‌ی دارایی ڕاپۆرتی دارایی خۆی ئاماده كردووه و، ئه‌مڕۆ ده‌یداته سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یانی بوودجه په‌سه‌ند بكرێت؛ دوای په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ی عێراق، بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش ڕه‌وانه ده‌كرێت.
(خه‌سرەو گۆران)، سه‌رۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌ندامانی كورد له‌به‌ر په‌سه‌ندكردنی بوودجه نه‌گهڕاونه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان، ئێستا لیژنه‌ی دارایی ڕاپۆرتی خۆی ئاماده كردووه و، ئه‌مڕۆ ده‌یداته سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، بۆ ئه‌وه‌ی له دانیشتنەکەی به‌یانیدا ڕاپۆرتەکە بخوێندرێته‌وه و، بخرێته ده‌نگدانه‌وه."
(گۆران) گوتیشی: "خۆی کە بەغدا هێشتا پاره‌کەی هه‌رێمی نەناردووە، لەبەر ئەوەیە كه چاوه‌ڕوانن بوودجه په‌سه‌ند بكرێت، پاشان پاره‌ی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ی بكەن؛ به پێی ڕیككه‌وتنەکەی هه‌ولێر و به‌غدا، دوای په‌سه‌ندكردنی بوودجه ڕاسته‌وخۆ بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه ده‌كرێت، به‌مه‌یش قه‌یرانی دارایی له هه‌رێمی كوردستان كۆتایی پێ دێت و، هه‌موو مانگێك فه‌رمانبه‌ران مووچه‌ی خۆیان لە کاتی خۆیدا وه‌رده‌گرن".
ڕابین شێروانی




