ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید: هه‌وڵ ده‌ده‌ین له پڕۆژەیاسای بوودجه‌دا دوو داوایه‌کەی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕه‌ت بكرێته‌وه

به‌غدا-KDP.info- بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت، ده‌وڵه‌تی یاسا له‌باره‌ی پێشمه‌رگه داوای لابردنی ماده نوێیه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ماده كۆنه‌كه ده‌كه‌ن و، داوا ده‌كه‌ن (كۆمپانیای سۆمۆ) سه‌رپه‌رشتیی هه‌موو نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش بكات، ئێمه‌ش له پڕۆژەیاسای بوودجه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م دوو داوایه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕه‌ت بكرێته‌وه.
(ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید)، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ ئێمه وه‌كو لیژنه‌ی دارایی پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی گشتیی ساڵی (2015)ـی عێراق ته‌واو ده‌كه‌ین و، ڕه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی ده‌كه‌ین، به‌یانییش له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا بودجه‌ی گشتیی ساڵی (2015) تێده‌په‌ڕێندرێت و، په‌سه‌ند ده‌كرێت."
(ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید) دەیشڵێت: "ده‌وڵه‌تی یاسا دوو تێبینییان هه‌یه، له‌باره‌ی پێشمه‌رگه داوای لابردنی ماده نوێیه‌كه و، گه‌ڕانه‌وه‌ی ماده كۆنه‌كه ده‌كه‌ن له پرۆژه‌یاسای بوودجه‌ی گشتیی عێراق. داوا ده‌كه‌ن كۆمپانیای سۆمۆ، سه‌رپه‌رشتیی هه‌موو نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش بكات. ئه‌مرۆ ئه‌م دوو پرسه یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه و، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به گفتوگۆ ئه‌م دوو ماده‌ی ئه‌وان داوای ده‌كه‌ن نه‌خرێته ناو پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌وه؛ ئه‌گه‌ریش سه‌ر نەكه‌وتین ئه‌م پرسه ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه و، قسه‌مان له‌گه‌ڵ به‌شێكی زۆر له لایه‌نه‌كاندا كردووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌ی كورد بده‌ن. خۆیشمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین دوو داوایەکەی ده‌وڵه‌تی یاسا ڕه‌ت بكرێته‌وه."
(ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید) ڕوونیشی كرده‌وه: "كێشه‌ی تر بۆ پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی گشتیی ساڵی (2015)ـی عێراق سه‌ر هه‌ڵنادات، به‌ڵام له جێبه‌جێكردندا كێشه دروست ده‌بێت."
سه‌رباز واحد




