سبه‌ینێ كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگ یه‌كلا ده‌بێته‌وه.. هه‌رێم پابه‌نده به ڕێككه‌وتنی به‌غداوه

به‌غدا ـــKDP.INFOـــ ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت کە تا ئێستا به‌غدا هیچ لێدوانێكی فه‌رمیی نه‌داوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گوایه هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنی نێوانیانی پێشێل کردبێ؛ دەڵێ سبه‌ینێ كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگیش یه‌كلا ده‌بێته‌وه"
(د.تاریق گه‌ردی)، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌ندامی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده به ڕێككه‌وتنەکەی هه‌ولێر و، به‌غدا، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی كه ڕۆژانه 550هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕه‌وانه بكرێت، چونكه بۆڕییه‌كانی كه‌ركووك به ته‌واوه‌تی نه‌به‌سراوه‌ته‌وه و، ڕه‌نگه ئێستا 300هه‌زار به‌رمیلیشی پێ نەنێردرێت؛ خاڵی دواتر ئه‌م ڕێككه‌وتنه وا نه‌كراوه كه (250هه‌زار به‌رمیلی هه‌رێمی كوردستان و 300هه‌زار به‌رمیلی كه‌ركووك) له ڕۆژێكی دیاریكراو ڕه‌وانه بكرێت، یان هه‌موو ڕۆژێك ئه‌و بڕه بنێردرێت، له‌وه ده‌چێت حه‌فته‌یه‌ك كه‌م بكرێتەوە، حه‌فته‌یه‌ك زیاد بكرێت؛ بۆ نموونه (ئه‌م حه‌فته‌یه 400هه‌زار به‌رمیل ده‌نێرێت، حه‌فته‌یه‌كی دیكه 200هەزار. گرنگ ئه‌وه‌یه كه له كۆتایی ساڵ ئێمه ئه‌و بڕه نه‌وته ده‌ده‌ینه به‌غدا كه ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه."
(گه‌ردی) گوتیشی: "هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده به ناردنی بڕه‌ی نه‌وت و، به‌غداش پاره‌كه ده‌نێرێت؛ سبه‌ینێ (28/1/2015)، به ته‌واوەتی ئه‌و بابه‌ته یه‌كلا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا به‌غدا هیچ لێدوانێكی نه‌داوه بڵێت هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی ڕێككه‌وتنه‌كه نه‌بووه."
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو ئه‌گه‌ر سبه‌ی بوودجه‌كه په‌سه‌ند بكرێت، حه‌فته‌ی دادێ ده‌ست ده‌كرێت به ناردنی به‌شه بوودجه‌ی مانگێکی هه‌رێمی كوردستان كه یه‌ك له‌سه‌ر 12ـی بوودجەی ساڵانە ده‌بێت.




