لە سیاسەتەوە بۆ تەکنۆلۆجیا؛ سێڵفی و، نەهات!

هەولێر-KDP.info- تەلەفۆنی زمانفام (زیرەک)، کاری باشباشی پێ دەکرێ، بۆ نموونە دەتوانی بۆ خۆت، وێنەی خۆتی پێ بگریت.
ماڵپەڕی تەلگراف، تازەترین نەهاتی 'سێڵفی'ـی بڵاو کردووەتەوە؛ دەڵێ کە خەڵک بە شەمەندەفەر دەچوون بۆ جەژنی بەکۆماربوونی هیندستان، لە کاتی ڕاوەستانی شەمەندەفەرەکەدا، بە لێواری دەرگاکانەوە بە سێڵفی، وێنەی خۆیانیان دەگرت، لە ئاکامدا سێانیان لێ دەکەونە ژێر شەمەندەفەرەکەوە و، دەبنە قوربانی سێڵفی! ئەو سێ هاوپۆلەی زانکۆ، گوایە ویستبوویان وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بکەنەوە.
ئەوە یەکەم ڕووداوی سێڵفی نییە، لە مانگی ئابی پاریشدا گەنجێکی مەکسیکی بە هەڵکەوت خۆی کوشت؛ ویستبووی لەگەڵ دەمانچەکەیدا وێنەیەک بۆ فەیسبووک بگرێت! خێزانێکی پۆڵۆنیاییش ویستبوویان وێنەیەکی خۆیان بگرن پێکەوە لە سەر لێواری گردێکی بەرز کەوتبوونە خوارێ و، مردبوون!
لەوەیە سێڵفی بەزمی تریش لێ بووبێتەوە و، ئێمە لێی بێئاگا بین.. جا با لە کاتی وێنەگرتن بە سێڵفی، وریا بین.
و/ خالید ئەحمەد




