حەفتایەمین ساڵوەگەڕی هۆلۆکۆست بەبێ ڤلادیمێر پۆتین بەڕێوە چوو

هەولێر-KDP.info- بە بەشداریی ١٢ سەرۆک و، ٥ سەرۆکوەزیر و، ٣٠٠ ڕزگاربووی کارەساتەکە یادی حەفتایەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی هۆلۆکۆست (جوولەکەقڕان) لە 'ئۆشفیتز'دا بەڕێوە چوو. ئەگەرچی سەربازە ڕووسەکان جوولەکەکانیان ڕزگار کرد، بەڵام ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا لەو یادەدا ئامادە نەبوو.
بیبیسی لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی چاوەڕێ دەکرێت یادەکەی ئەمساڵ، دوا یاد بێت بۆ بەشداریی ڕزگاربووەکان، چونکە هەموویان لەو پەڕی تەمەندان، ئێستا هەرە بچووکەکەیان ٧٠ ساڵی تەمەنە. هەڵبەتە لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە تا ١٩٤٥ ملیۆنان کەس کوژراون کە به شیکیان جوولەکە بوون.
ڕۆمان کێنت ڕزگاربووی کەمپەکە بە 'بیبیسی'ـی گوت: "ئێمە ڕزگاربووەکان نامانەوێت ڕابردووی ئێمە دواڕۆژی منداڵەکانمان بێت."
ئەنگڵا مێرکڵ سەرشالیاری ئەڵمان، لەو یادەدا گوتی: لەوەی کە قەوما ئیمەی ئەڵمان هەست بە شەرم دەکەین، ئەڵمان تاوانبارە بەوەی ملیۆنان کەسی ئازار کوشتوبڕ کرد؛ لەمەولایش نامانەوێت گوێمان لە دروشمی دژەئایین بێت بە تایبەتی لە بەرامبەر باوەڕدارن، جا هەر ئایینێک بێت."
جێی باسە ئیندپێندێنت ئاماژەی بە ئامادەنەبوونی ڤلادیمیر پۆتین دا و، گوتی، پۆڵۆنیا لەبەر ڕووداوەکانی ئۆکراین بانگهێشتی پۆتینی نەکردبوو، هەر لەبەر ئەوەیش پۆتین نەهاتبوو.
و/ خالید ئەحمەد




