مووچەی مانگی ١٢دابەش دەکرێت...حکوومەت بە بڕی چوار ملیار دۆلار خەرجییەکانی کەمکردووەتەوە

هەولێر-KDP.info-بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی داناوە بۆ ئەوەی قەیرانی دارایی چارەبکرێت و، بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا مووچەی مانگی ١٢ دابەش بکرێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (ھیڤا میرخان) بە ماڵپەڕی فەرمییی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:"مەبەست لەھاتنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی قەیرانی دارایی ھەرێم بووکە چۆن دروستبووە و چۆن دەتوانین چارەیشی بکەین، پلان ھەیە بۆ ئەوەی چۆن وڵات پێشبخەین تاوەکو ئەو قەیرانە چارە دەکرێت.
(ھیڤا میرخان)گوتیشی، ھەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی مووچەی پلەتایبەتەکان کەمبکرێتەوە و، مووچەی بندیوار نەھێڵدرێت و خەرجی وەزارەتەکانیش کەم بکەینەوە، بەتایبەت ئۆتۆمبێلی حکوومەت کە وای لێ بکەین خەرجی ئۆتۆمبێلەکە لەسەر ئەوکەسە بێت کە وەریگرتووە و، ئۆتۆمبێلە زیادەکانیش وەربگیردرێنەوە .
(میرخان)راشیگەیاند، لەساڵی رابردوودا بەراورد بە ساڵی پێشوو تر، توانراوە خەرجییەکان بە بڕی چوار ملیار دۆلار کەمبکرێنەوە، ئەمەیش بەھۆیپێداچوونەوە بووە بۆ ئەوەی کە حکوومەت بتوانێت چارەی قەیرانەکە بکات.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان روونیشی کردەوە، دواکەوتنی مووچە راستەوخۆ پێوەندی بە بەغداوە ھەیە و لەئێستادا بەغدا خۆشی ئەو کێشە ھەیە، چونکە نرخی نەوت کەم کراوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ھەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ١٢و بڕیارە لەکۆتایی ئەم ھەفتەیە دەست بە دابەشکرنی بکرێت، لەسەرەتادا مووچەی پێشمەرگە دابەشدەکرێت، ئێمەش داوامان کردووە کە، مووچەی پێشمەرگەی سەنگەر بە زووی بدرێت، ئەمەیش لەداھاتی ناوخۆ دەدرێت، چونکە تاوەکو ئێستا ھیچ بڕە پارەیەک لە بەغدا نەھاتووە و بەغدا خۆی لە قەیران دایە.
بڵند ئیبراھیم




