خورماتوو..باوک و کوڕێک کوژران..خزمی تیرۆریستێک بوون

خورماتوو-KDP.info-لە شارۆچكەی خورماتوو لە لایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە باوك و كۆڕێك كوژران.. بە گوتەی سەرچاوەیەك كوژراوەكان خزمی ئەو تیرۆریستەن کە دوێنێ كوژرا.
بەڕێوەبەری ئاساییشی شارۆچكەی خورماتوو، رائید (فاروق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی خورماتوو لە نزیك گەراجی سەرەكی ناوچەكە، لە لایەن دوو چەكدارەوە دەستڕێژی گوللە لە باوك و كوڕێك كرا و؛ هەردووكیان دەستبەجێ كوژران.
گوتیشی، باوكەكە ناوی (كەریم موستەفا خەماس) و، كوڕەكەیش ناوی (محەممەد كەریم)ـە و، بە ڕەگەز توركمانی سوننەن و خەڵکی گوندی یەنگیجەن، بەڵام ئێستا لە نێو خورماتوو نیشتەجێن.
رائید (فاروق) ئەوەشی خستەڕوو، ئەو باوك و كوڕە، خزمی نزیكی ئەو تیرۆریستەن كە دوێنێ لە كاتی گواستنەوەی بۆمب بەهۆی تەقینەوەی بۆمبەكە بە خۆیدا كوژرا و، دواتر لە ماڵەكەیشیدا بڕێكی زۆر مادەی تی ئێن تی و، بۆمبێكی ئامادەكراویش دەستی بەسەر داگیرا.
كاروان جاف




