٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرکەوتنەکەی کۆبانێ لە میدیاکانی دەرەوەدا بخوێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

دوای ئازادکردنەوەی کۆبانێ، جگە لە میدیاکانی ناوخۆ میدیاکانی دەرەوەش بە گرنگییەوە ئەو هەواڵەیان بڵاو کردەوە.

ئیندیپێندێنت لەو بارەیەوە نووسیویەتی ئاڵا ڕەشەکەی سەر گردەکە لا درا و، لە شوێنی ئاڵای هێزە کوردییەکان هەڵکرا، داعش ئەوەی کوژرا، کوژرا، دەنا ڕایان‌کرد، ئێستا شەڕڤانان و پێشمەرگە جەژنی سەرکەوتن دەگێڕن و، پارێزگاری لە شارەکە دەکەن.
هەواڵگەی (دی‌پی‌ئەی ئینتەرناشناڵ)ـیش نووسیویەتی ڕاستە کۆبانێ ئازاد کرایەوە، بەڵام مەترسییەکان بە تەواوەتی نەڕەویونەتەوە، هەڵبەت بە گوێرەی دی‌پی‌ئەی بێت تاکو ئێستا بە مەودای 40 کیلۆمەتر گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ لە بندەستی داعشدا ماون.
ماڵپەڕی (سپیوتناک)ـیش لەو بارەیەوە نووسیویەتی، ئازادکردنەوەی کۆبانێ لەلایەن یە‌پە‌گە و پێشمەرگەوە بە هاوکاری هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان سەرکەوتنێکی گەورەیە، لەو شەرەی ڕۆژی دووشەممەدا زیاتر لە (40) چەکداری داعش کوژراون، داعش لەسەر دەستی هێزە کوردییەکان لە شکانی بەردەوامدایە.
جێی باسە بی‌بی‌سی نووسیویەتی هێزە کوردەکان لە کۆبانێ دڵخۆشكەر بوون، لە 131 ڕۆژەی شەڕکردنیان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەوان بەسەر داعشدا سەر دەکەون، هەروها ڕوانگەی سوریایی بۆ مافی مرۆڤ لەبارەی ئاماری کوژراوەکانی کۆبانێوە بە 'بی‌بی‌سی'ـی‌ ڕاگەیاند، لەوەتەی ئەیلوولی پارەوە کە شەڕ لە کۆبانێ دەستی پێکردووە، نزیکەی (1600 تا 1700) کەس لە کۆبانێدا کوژراون، لەو کوژراوانە 1196 یان چەکداری داعشن و، 459 کەس لە هێزە کوردەکان و، 32 کەسیشیان هاووڵاتی ئاسایینە. هەروەها گوتیشی داعش لەو ئەخیرانەدا زۆر تینی بۆ هاتبوو، هەربۆیە تەنها لەو چەند حەفتەیەدا نزیکەی 35 هێرشی خۆکوژییان کردووە.

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار