ئۆباما ڕۆژێکی میژوویی لەگەڵ هیندییەکاندا پیرۆز دەکات

هیندستان سێ ساڵ دوای ئەوەی خۆی لە بەریتانیا ڕزگار کرد و، سەربەخۆ بوو، لە 26ـی کانوونی دووەمی ئەو ساڵەدا بوو بە کۆماری هیندستان؛ لە یادکردنەوەی ئەو ساڵدا باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ لەوێ بەشدارە، ئۆباما یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکایە لەو یادە مێژووییەدا خۆی گەیاندبێتە ئەوێ، هەروەها یەکەم سەرۆکی ئەمەریکاشە کە لە ماوەی یەک خولی دەسەڵاتدا دووجار سەردانی هیندستانی کردبێت.
ماڵپەڕی (کۆنڤیرسەیشن) باس لە بەخێرهێنانە گەرموگوڕەکەی ئۆباما دەکات لەلایەن سەرۆک و پایەدارانی هیندستانەوە. لە ماوەی سەردانەکەیدا لەوێ باراک ئۆباما و، ناریندرا مۆدی سەرۆکوەزیری هیندستان، قسە و باسی پەیوەندییەکانیان دەکەن و، ئەوە دووەم جارییانە لەماوەی کەمتر لە چوار مانگدا پێکەوە لە لووتکەدا دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆنڤێرسەیشن، ئەمەریکا و هیندستان لە دوای بەزمەکەی یانزەی سێپتامبەرەوە نێوانیان خۆشتر بووە لە جاران و، ئێستاکێ پەیوەندییەکی ستراتیژیکیان هەیە، ئەوەش بەهۆی کاریگەریی هەڵکەوتەی ناوچەکەیە و، پێگەی بازرگانی و، بەهێز وەستانی هەردوولایە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی تیرۆر و، گۆڕانی سەنگی هێز لە ئاسیادا کە چین بەرەو هەڵکشانە. ئێستا ئەمەریکا دەیەوێت هیندستانی هاوپەیمانی بەهێز و بەتوانا بێت لەو نێوەندەدا.
ڕاستییەکەی ساڵانی پێشوو دوای گرتنی دیپلۆماتە هیندییەکەیان، هیندستان لە ئەمەریکا تووڕە بوو و، لە ئاستی باڵادا پەیوەندییان پچڕابوو، بەڵام دوای ماوەیەک باراک ئۆباما دەسپێشخەری ئاشت بوونەوەی کرد، بە داوەتکردنی مۆدی بۆ کۆشکی سپی و لەوێ دووبارە متمانەیەکی نوێیان چاندەوە و، ئێستا پێکەوە لە برا تەباترن.
سەفەرەکەی ئەو جارەی ئۆباماش لە کاتێکی بە نرخ و گرنگەدایە و، ڕۆژێکی مێژوویشە بۆ گەلی هیندستان، هەردوو وڵات لێکچوونی بەهێز و هاوبەشیانپێکەوە هەیە، ئەمەریکا ئابورییەکی زیندووی هەیە و، هیندستانیش ئابورییەکی بێخەم و جێگیر، هەردوو وڵات لەدابین کردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆکن، مەترسییەکانی داعش جێی بایەخی هەردووکیانە و، هەردوو وڵات دەیانەوێت چارەسەری ئاشتیانەی بەرنامە ئەتۆمیەکان بکەن، کەواتە ستراتیژییەکی هاوبەشیان هەیە وهەر بۆیەش سەیر نییە ئەو هەموو هاتوچۆیەی نێوانیان. لە ڕاستیدا بەهێز بوونی پەیوەندییە ستراتیژییەکانیان لەو چوارچێوانەدایە:
یەکەم: بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ئابورییەکانیان
حەفتەی ڕابردوو جۆن کێری لە هیندستان بوو بە بەرنامەیەکی چڕوپڕ بەشداری کۆنفرانسی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی کرد و ڕێی خۆشکرد بۆ سەردانەکەی ئۆباما، هەڵبەت لە 10 ساڵی ڕابردوودا ئاستی بازرگانی هەردوو لا سەدبلیۆن دۆلار زیادی کردووە و، چاوەڕێدەکرێت بەو نێوان خۆشیەی ئێستاشیان بۆ ساڵی 2020 ئاستی بازرگانی هەردوولا لە (500) بلیۆن دۆلار تێپەڕکات.
دووەم: گرنگی سەرچاوەکانی وزە
هیندستان گیروگرفتی وزەی هەیە، لە چوار بەشی دانیشتوانەکەی بەشێکیان کارەبای جێگیریان نییە و، قەیرانی زۆری خواست و کەمی وزە وای لە هیندستان کرد بیر لە پڕۆژەی تر بکاتەوە بۆ دابینکردنی کارەبا. سەردانەکەی مۆدی و کابینەکەی بۆ ئەمەریکا لە ئەیلوولی پاردا بایەخدار بوو بۆ هیندستانییەکان، ئەوان لەوێ لەگەڵ ئەمەریکا لە ئاستی باڵادا گرێبەستی هاوکاری ئەتۆمی مەدەنیان واژۆ کرد و، سەرەنجام کەوتە قۆناغی دروستکردنی کێڵگەی ئەتۆمی ئەمەریکایی لە هیندستان بۆ دابین کردنی وزە بۆ خەڵکەکەیان.
سێیەم: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم
ئەمەریکا و هیندستان هاوکارییەکانیان لەمەڕ شەڕی داعشدا درێژەی هەیە ، سەرباری جیاوازی بیروڕاکانیان لەبارەی ڕیشەیتیرۆرەوە، ئێستا هاوکارییەکان ڕێی باشتری بڕیوە بەتایبەتی لە ئاڵوگۆڕی هەواڵگڕی و، ڕاهێنانە هاوبەشەکانیان لە دژی تیرۆریزم.
لەو سەردانەیدا ئۆباما داوا لە پاکستان دەکات بۆ ڕادەستکردنی (زاکیر ڕەحمان لاخڤی) کە تاوانبارە بە کردە تیرۆریستیەکەی مۆمبای، هەڵبەت ئەو داوایەی لەبەر خاتری هیندستانە.
چوارەم: مامەڵەی چەک و ئەسلەحە
ئێستا هیندستان گەورەترین هاوردەکەری چەکە لە جیهاندا، جاران 75%ـی چەکەکانی لە ڕووسیا دەکڕی و، 7%ـیشی لە ئەمەریکا، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانەیە، ئەمەریکا سەرتۆپی بازارەکەیە هەلەکەی بۆخۆی قۆزتۆتەوە.
جێی باسە هەموو ئەو پەیوەندییانە ئۆبامایان گەیاندە ڕۆژە مێژووییەکەی هیندستان، ڕۆژی بە کۆماریبوونیان 26ـی کانوونی دووەمی 1950.
و/ خالید ئەحمەد




