رەبیعە..فەرمانگەكانی ئەو شارەدێیە دەست بە كاربوون

رەبیعە-KDP.info-بەڕێوبەری شارەوانی رەبیعە رایگەیاند کە، لە شارەدێیی رەبیعە گشت دام و دەزگاكانی حكوومەت دەستیان بە كارەكانیان كردووە و؛ خەریكی خاوێنكردنەوە و بەگەر خستنەوەی شوێنە خزمەتگوزارییەكانن، هەروا خەڵکیش دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان.
بەڕێوبەری شارەوانی ڕەبیعە (عەلی عومەر خدر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئازادكردنی شارەدێی ڕەبیعە لە لایەن پێشمەرگە قارەمانەكان لە دەستی تیرۆرستانی داعش، لەئێستادا گشت فەرمانگە حكوومییەكان و بەڕێوبەری ناحیە و ئەنجوومەنی شارەدێی ڕەبیعە دەستمان بە كارەكانی خۆمان كردووە .
بەڕێوبەری شارەوانی ڕەبیعە دەشڵێت، ئێمە وەک شارەوانی خەریكی پاككردنەوەی شەقامەكانی نێو رەبیعەین، پێشووتر گشت شەقامەكان لەلایەن تیرۆرستانی داعش تێكدرابوون و؛ ئۆتۆمبێلی شارەوانی تەقێنراونەتەوە و لەوێدا كەوتوون، فەرمانگەی كارەباو ئاویش دەستیان بە كارەكانیان كردووە، تیرۆرستان هیچ شتێكیان نەهێشتووە، بۆیە لەگەڵ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان خەڵكیش دەستدەكەن بە گەڕانەوە .
(عەلی عومەر) ئاماژەیشی کرد کە، هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی بەرزەوە لە سنگەرەكاندان و تەواوی خەڵک و ناوچەکە دەپارێزن و هەماهەنگییەکی باش لە نێوانماندا هەیە.
وەک باسیشی کرد کە، حكوومەتی هەرێم و پارێزگاری دهۆك پشتیوان و هاوكاریی تەواوی ئەوانن لە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ (فەرهاد ئەتروشی ) پارێزگاری دهۆك، پێانی گوتووە کە، لە رێگەی (سەرۆك بارزانی) فەرمانمان پێكراوە هاوكارییەكی تەواوی ئێوە بكەین و؛ پارێزگاری مووسڵیش بڕە پارەیەكی بۆمان دابینكردووە بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی پێویست و؛ پارەی كرێكاران .
نەشوان بەرزنجی




