لە وانكێ و دەوروبەری زیاتر لە 300 بۆمب و تی ئێن تی پووچەڵ كراونەتەوە

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شارەدێی وانكێ دەڵێت، دوای ئازادكردنی ئەو شارەدێیە، ئێستا تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی بۆمب و تی ئێن تی دەستیان بە خاوێنكردنەوەی ناوچەكە كردووە و تا ئێستا زیاتر لە 300 بۆمب لەناو براون و پووچەڵ كراونەتەوە.
فەرماندەی پێشمەرگە لە وانكێ موقەدەم ( سەردار سەعید) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئازادكردنی وانكێ و گوندەكانی دەوروبەری، خەڵكی ناوچەكە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و تا ئێستا زیاتر لە 200 خێزان گەڕاونەتەوە و ڕۆژانەیش گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامە.
موقەدەم (سەردار) ئاشكرایشی كرد، تیمەكانی چاككردنەوەی رێگەوبان و تەندروستی دەستیان بە كارەكانی خۆیان كردووە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە شارەدێیەكە ئاوەدان بكرێتەوە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتیشی، دوای ئازادكردنی شارەدێی وانكێ و گوندەكانی دەوروبەری، ئێستا تیمەكانی پووچەڵكردنەوەی بۆمب و تی ئێن تی دەستیان بە خاوێنكردنەوەی ناوچەكە كردووە و تا ئێستا ئەو تیمە زیاتر لە 300 بۆمب و تی ئێن تی لەناو بردوون و پووچەڵ كردووونەتەوە، ئەو تیمەیش بەردەوام دەبێت تا تەواوی ناوچەكە لە پاشماوەی تیرۆریستان پاك بكاتەوە، بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوەی خەڵكیدا بۆ ناوچەكە، تووشی كێشە و گرفت نەبن.
ڕابین شێروانی




