هەڵاتنی گەورەی داعش لە شنگال دەستی پێ كرد

شنگال-KDP.info- فەرماندەی میحوەری شنگال دەڵێت، چەند رۆژێكە رەوشی شنگال ئارامە و تیرۆریستانی داعشیش بە كۆمەڵ بەرەو ناوچەكانی دیكە ڕادەكەن و توانای هێرشكردنیان نەماوە.
فەرماندەی میحوەری شنگال عەمید (بەهرام عەریف یاسین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێكە رەوشی شنگال ئارامە و تەنیا هەندێك جار تەقە هەیە، ئەمەیش دوای كۆنتڕۆڵكردنی رێگای نێوان شنگال بۆ تەلەعفەر و مووسڵ، چونكە كاریگەریی زۆری لەسەر لایەنی دەروونیی داعش هەبووە و لە ئێستادا توانای هێرشكردنیان نەماوە و بەكۆمەڵ هەڵدێن و زۆر هەوڵی رێگریكردن لە راكردنیان دەدرێت، بەڵام بەردەوامن لە هەڵاتن".
فەرماندەی میحوەری شنگال دەشڵێت، پلانێكی باش و تۆكمە لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە دانراوە بۆ رزگاركردنی ناوچەكە و تەنیا ماوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام كێشەی كات هەیە، چونكە هەر جارە و ناوچەیەك رزگار دەكرێت، بۆیە رزگاركردنی شنگال زۆر نزیك بووەتەوە.
بڵند ئیبراهیم




