تایوان 600 كەرەڤانە و كۆمەكی دیكەی بۆ خزمەتی ئاوارەكان دابین كرد

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر (نەوزاد هادی) و باڵیۆزی كۆماری تایوان لە عێراق (ماتیۆ لی) و بەرپرسانی كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە دوو ڕێوڕەسمی جیادا لە هەردوو كەمپی ئاوارەكان لە هەرشەم و بەحركە، 600 كەرەڤانەی نیشتەجێبوون و چەند كۆمەك و پێداویستیی دیكەی هاریكاری لەلایەن كۆماری چینی میللی (تایوان) بەخشرا، ئەمەیش بۆ خزمەتی ئاوارە و پەنابەران وەكو ئەركێكی مرۆیی و پەیامێكی دۆستایەتی بۆ گەل و حكوومەتی كوردستان.
باڵیۆزی تایوان لە عێراق وێڕای خۆشحاڵبوونی بەو پێشكەوتن و ئاوەدانی و گەشەپێدانەی هەولێری پایتەخت، ستاییشی ئەو كار و خزمەتانەی گەل و حكوومەتی كوردستانی كرد بۆ لەخۆگرتن و حەواندنەوەی ئەو هەموو ئاوارەو پەنابەرانە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كە تەواو سەقامگیر و ئارامن سەرەرای ئەو بارودۆخە ناهەموارەی كە هاتووەتە پێشەوە، هیوای سەركەوتن و سەرفرازییشی بۆ گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان خواست لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی بنیادنان و گەشەپێدانی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا.
پارێزگاری هەولێریش ستاییشی ئەو كۆمەك و هاوكاریانەی گەل و حكوومەتی تایوانی كرد كە كاریگەریی ئەرێنی دەبێت بەسەر كەمكردنەوەی مەینەتییەكانی ئاوارە و پەنابەران و، بە خزمەتێكی مرۆیی و پەیامێكی دۆستایەتی و هاریكاری لە قەڵەم دا.
كەنعان بەهادین




