٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی میحوەری شنگال: ئازادكردنەوەی شنگال نزیكە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال ڕایدەگەیەنێت، داعش توانا سەربازییەكانی لە دەست داوە، پێشمەرگەیش لە ئازادكردنەوەی شنگال نزیكە، بەڵام بەپێی بەرنامە و نەخشەی تایبەتی سەربازی دەبێت.

فەرماندەی میحوەری شنگال عەمەید (بەهرام دۆسكی) لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، "داعش لە میحوەری شنگال زۆر ورەیان داڕووخاوە،‌ تەنیا چەند قەنناسبەدەستێكیان لە ناوشار ماون، لە دەرەوەی شاریشدا، پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە، لە كاتێكدا ئەو ستراتیژییەی پێشمەرگە لە ‌دژی داعش دایناوە، ئاستەنگە سەربازییەكانی لە ‌بەردەم تیرۆریستاندا قورس كردوون، چونكە ڕێگای سەرەكیی هاوكاریی داعش لە سووریا و عێراق بڕاوە."

گوتیشی، "داعشێكی زۆر ڕێگای سەرەكیی مووسڵ-شنگالیان لێ تێك چووە، لەجێگای ئەوەی بەڕێگایەكی كورت بچنە ناو شنگال ئێستا بە سەدان كیلۆمەتر دەبڕن تا دەگەنە ناو شار، چونكە پێشمەرگە ڕێگای سەرەكیی شنگال-مووسڵی دابڕاندووە، بەشێكی زۆری ئەو هاوكاریانەی كە لە ‌سووریاوە بۆیان دەهات ئێستا نەماون و، دۆخی ناوخۆیییان لە مووسڵ تێك چووە، ئاگاداریشین كۆمەڵ‌ كۆمەڵ تیرۆریستاننی داعش ڕیزەكانیان جێ دەهێڵێن، بەشێكی زۆریشیان لەلایەن داعش خۆیانەوە گوللەباران دەكرێن".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "پێشمەرگە بەرنامە و پلانی تایبەتی بۆ ئازادكردنەوەی شنگال هەیە، بەڵام دەمانەوێت بەپێی ئەو بەرنامەیە كاری خۆمان بكەین، ئێستایش پێشمەرگە لە هەندێك میحوەر تەواو نزیك كەوتووەتەوە لە مووسڵ، ئەگەر بمانەوێت بە ئاسانی ناو مووسڵ تۆپباران دەكەین، بەڵام لەبەر گیانی هاووڵاتیان و خەڵكی مووسڵ ئەو هێرشانە بە نەخشەی سەربازی دەكەین بۆ ئەوەی ئامانجی ڕاستی خۆمان بپێكین."

دەشڵێت، "داعش توانا سەربازییەكانیان كەم بوونەتەوە، بۆیە پەنا بۆ هەندێك كردەی ترسنۆكانە دەبەن وەك پەلاماردانی هاووڵاتیانی لاشەڕ و كوشتنی خەڵكی بێتاوان، ئێستایش پێشمەرگە میحوەرێكی باشی لە شنگال بە دەستەوەیە".

هەواڵی پەیوەندیدار