داعش چ داواکارییەکی لە هەرزەکارەکانی مووسڵ هەیە؟

مووسڵ ــKDP.INFOـ دیارە داعش ماوەیەک بە زۆرەملێ هەرزەکارە مووسڵییەکانی دەبردە شەڕ، بەڵام ئاکامێکی وای نەبوو، ئێستاکە وا خەریکە بە فرتوفێڵ و بە قسەی خۆش ڕایاندەکێشێت؛ لە مزگەوتاندا دەچنە بنگوێی هەرزەکاران و، بە حیسابی خۆیان ئامۆژگارییان دەکەن، بەشکەم بەو فێڵە هەڵیانبخەڵەتێنن و، بیانهێنن بۆ شەڕ.
(عیسمەت ڕەجەب)، بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بە ھەڵمەتێک کردووە بۆ ئەوەی هەرزەکارەکان بباتە نێو ڕیزەکانیان، ئەمەیش بۆ ئەوەی ئەو ژمارە زۆری لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لێیان کوژراوە قەرەبووی بکاتەوە، چونکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەھۆی ھێرشەکانی ھێزی پێشمەرگە بەسەدان تیرۆرستی داعش کوژراون."
(عیسمەت ڕەجەب) گوتیشی: "خەڵکی بانگهێشتی مزگەوتەکان دەکەن و، ئامۆژگارییان دەکەن و، داوایان لێ دەکەن منداڵەکانیان ڕازی بکەن کە لەگەلڵ ئەوان شەڕی ھێزی پێشمەرگە بکەن."
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە، بۆ ئەوەی خەڵک ڕازی بکەن منداڵەکانیان ڕەوانەی بەرەکانی جەنگ بکەن، پێیان دەڵێن کە ھەر چییەکیش ببێ، ئەوان لە مووسڵ ناکشێنەوە و دەمینێنەوە.
(عیسمەت ڕەجەب) ڕایشیگەیاند: "ئێستا ڕێگە نادەن خەڵک بچنە ناوچەی شەلالات کە لەوێ شەبەکەی تەلەفۆن ھەیە بۆ ئەوەی پەیوەندی بکەن، ئەمەیش بەو بیانووەی کە فڕۆکە جەنگییەکان ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکەن."
بڵند ئیبراھیم




