ئەنجلینا جوولی: هەرێمی کوردستان زۆر باش پێشوازیی لە ئاوارەکان کردووە

دھۆک ــkdp.infoــ نێردراوی تایبەتی یووئێن بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، ئاوارەکان پێویستیان بە ھاوکاری ھەیە و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، کۆمسیۆنی پەنابەران وەکو پێویست ھاوکاریانیان نەکردووە و، نیوەی ئەو ھاوکارییەیە کە پێویستە پێیان بدرێت.
نێردراوی تایبەتی یووئێن بۆ کاروباری پەنابەران (ئەنجلینا جوولی) سەردانی کەمپی خانکێی لە شاری دھۆک کرد و، دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمە جاری پێنجەممە دێمە ھەرێمی کوردستان و، ئەوەی تاوەکو ئێستا بینیومە زۆر ناخۆش بوو و، ناخۆشییەکانی زیاتر دەبن و، لەوەتەی من ھاتووم بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دووملیۆن کەس ئاوارە بوون و، زیاتری ئەوانەن کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو ئاوارە بوونە.
(ئەنجلینا جوولی) گوتیشی، ئەو خەڵکەی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە، کە ژمارەیان گەلێک زۆرە و، بارێکی قورسە، بەڵام زۆر بە باشی پێشوازیان لێ کردوونە و، ئەوەی لە توانایاندا بووبێت بۆیان کراوە.
نێردراوی تایبەتی یووئێن بۆ کاروباری پەنابەران ڕوونیشی کردەوە، من ئافرەتێکم بینی کە دەستدرێژی کرابوو سەر و، دواتر لە دەستیان ھەڵاتبوو زۆر مەترسیدار بوو تەنانەت توانای قسەکردنی نەمابوو، بۆیە ئەمە زۆر ناخۆش بووە کە خۆم بینومە و، دایکم بینی کە ماڵەکەی بەجێ نەدەھێشت، لەبەر ئەویە کچەکەی لە ماڵدا بووە، ئەمە ھەمووی بە ھۆی دەست درێژی تیرۆرستانی داعشە بۆ سەریان.
(ئەنجلینا جوولی) ڕایشیگەیاند: ئەوە پێنج ساڵە لە سووریا شەڕە و، تاوەکو ئێستا ١٣ملیۆن کەس بەو ھۆیەوە ئاوارەبوونە و، تووشی ناخۆشی و، نەھامەتی ھاتوونە وڵاتانی دەوروبەریش تووشی ئەو نەخۆشییە ھاتوون بە ھۆی وەرگرتنی ئەو ئاوارانە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، کۆمسیۆنی پەنابەران دەکەم، ھاوکاری وەکو پێویست نەکراوە بۆ ئاوارەکان، نیوەی ئەو ھاوکارییەیە کە پێویستە بۆیان بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




