تیرۆرستانی داعش كەنیسیەكی ئەرمەنەكانیان تەقاندەوە

مووسڵ ــKDP.INFOــ بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەینێت لەناو مووسڵ تیرۆرستانی داعش كەنیسیەكی ئەرمەنەكانیان تەقاندەوە؛ ڕۆژنامەنووسێكیان گوللەباران كردووە. لاشەی کۆمەڵە تیرۆرستێکی داعشیش ئەمڕۆ گەیێنراونەتە نەخۆشخانەكانی مووسڵ.
(سەعید مەموزینی)، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە گەڕەكی وەحدەی شاری مووسڵ، تیرۆرستانی داعش هەڵستاون كەنیسەیەکی ئەرمەنەكانیان تەقاندووەتەوە كە بە لایانەوە زۆر پیرۆزە."
ئەوبەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ گوتیشی: "هەر لە ناو مووسڵ تیرۆرستانی داعش ڕۆژنامەنووس 'عەدنان عەبدوڕەزاق'ـیان گوللەباران كردووە؛ ئەو ڕۆژنامەنووسەی كەناڵی سەمای مووسڵ، دوو مانگیش لە زیندانی داعشاندا بەند کرابوو."
مەموزینی گوتی: "ئەمڕۆ 59 لاشەی تیرۆرستانی داعش گەیێنراونەتە نەخۆشخانەی مووسڵ، كە لە شەڕی زوممار و ناوەران كوژراون؛ کوژراوەکان دوو ئەمیری داعشیشیان تێدایە."
نەشوان بەرزنجی




