٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جووڵەی گەشتیاری لە پاریس لە دابەزیندایە.. زۆرینەی گەشتیارانی پاریس عەرەبن

سەرچاوە: KDP.info

شاڵاوە تیرۆریستیەکەی پاریس، سەیرانەوانیی کز کردووە. ڕۆیتەرز لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەری‌خستوە کەرتی گەشتیاری لە پاریس ساردوسڕییەکی پێوە دیارە و، خراپتر لێی دەقەوما ئەگەر فەرەنسا کاردانەوەی خراپی لەگەڵ مسوڵمانەکانی ئەوێندەرێ هەبووایە، ئەوەش لەبەرئەوەیە کە زۆرینەی گەشتیارانی پاریس عەرەبن و لە جیهانی مسوڵمانانەوە دەچنە پاریس، لەوێ پارەکانیان خەرج دەکەن.
توێژینەوەکان وایان نیشانداوە کە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ میوانداری و گەشتیاری هەر سست بێت، جۆرج پانایتۆس سەرۆکی گروپی (ئێم‌کەی‌جی) بە ڕۆیتەرزی گوت: "ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ سیاسەتی وڵات کلیلی سەرەکی گەشتیارانی نێودەوڵەتین. هەڵبەت ئەوە ئێستا لە پاریس ڕوو لە لێژییە... دیاردەی سەربازییش هۆکارێکی ترە چونکە لە جیاتی چێژ وەرگرتن، گەشتیاران هێندەی دی دەترسێنن."
سەرۆکی گروپی (ئێم‌کەی‌جی) ئەوەشی نەشاردەوە ئێستا میوانخانەکانی پاریس زۆریان بەتاڵن و، لێرە بە دواوە ڕۆژەکانی ساڵیش کاریگەرییان لەسەر کەرتی گەشتیاری فەرەنسا دەبێت و، چاوەڕێ دەکرێت ساڵانە لە ڕۆژانی ٨ تا ١٢ کانونی دووەم میوانخانەکانی پاریس سەدا سێ هەتا پێنجێکی جاران میوانیان دەس کەوێ، ئەوەش بەهۆی ڕووداوەکەی چارلی هێبدۆوە، هەروەها لێرە بە دواوە میوانخانەکانی پاریس ساڵانە ١٠% کەمتر میوانیان دەست دەکەوێ لە نێوان ١٥ بۆ ١٨ ی کانونی دووەم ئەوەش لەبەر خۆپیشاندانەکانی جیهانی ئیسلامی بۆ پشتیوانی پێغەمبەر و شەرمەزارکردنی چارلی هێبدۆ.
دیارە ئەوەش گرفتێکی گەورە بۆ فەرەنسا دروست دەکات بەتایبەتی کە بەشێکی گەورەی ئابوری فەرەنسا لەسەر گەشتیارییە.
جێی باسە ساڵانە ٨٥ملیۆن کەس بۆ سەیران دەچنە فەرەنسا و، ١٥٠بلیۆن یۆرۆ لە کەرتی گەشتیاری دەچێتە سەر خەزێنەی وڵات، کە لە ٧%ـی کۆی گشتی بەرهەمهێنانی وڵاتە.
بەپێی تویژینەوەیەک کە لەساڵی ٢٠١٣ دا ئەنجام دراوە  ٨٠% گەشتیاران چونەتە میوانخانە هەرەباشەکانی پاریس و، گەشتیاران ٦٠% داهاتەکانی خۆیان بردووەتە مارکێتەکانی پاریس لەوێ کاڵا و شتومەکیان لەگەڵ خۆیان بردووەتەوە بۆ وڵاتەکانیان.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار