بەپەلە..لە قۆڵی باشیک پێشمەرگە 358 داعشی کوشتوون

مووسڵ – KDP.info: نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەڕلەمانی عێراق (سالم جومعە) ئاشكرایکرد کە، هێزەكانی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە قۆڵی ناوەران و باشیك و ئیمام رەزا سەرکەوتنێکی گەورەیان تۆمار کرد، بە شێوەیەک کە، داعش 358 كوژراوی هەبووە و لە نێو مووسڵیشدا تیرۆرستانی داعش چوار پزیشكیان گوللەباران كرد.
نوێنەری كۆتای شەبەك لە پەڕلەمانی عێراق و سەرۆكی دەستەی ڕاوێژكارانی شەبەك ( سالم جومعە شەبەك) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: ئەمڕۆ لە قۆڵی ناوەران و باشیك و ئیمام رەزا هێزەكانی پێشمەرگە سەرکەوتنێکی وەها گەورەیان تۆمارکردووە کە، لە گشت قۆڵەكان وانەیەكی وایان دایە داعش و گورزێکی وایان لێوەشاندوون بە جۆرێك تیرۆرستانی داعش بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون 358 كوژراویان هەیە .
سەرۆكی دەستەی راوێژكارانی شەبەک گوتیشی کە، لە ناو مووسڵ تیرۆرستانی داعش لە بارێكی خراپدان و شەڕی نێوخۆیی رووی تێکردوون و، لە نێو خۆیاندا یەكتری دەكوژن، بەهۆی ئەو شكستانەی لەبەرانبەر هێزەكانی پێشمەرگە بردوویانە و یەكتری تۆمەتبار دەكەن، هەروا ئەوانەی لە بەرەكانی شەڕ لە ترسی هێزەكانی پێشمەرگە ڕادەكەن دەکوژرێن.
(سالم شەبەك) ئاماژەیشی کرد کە، نەخۆشخانەكانی مووسڵ پڕبوون لە كوژرا و بریندار بە جۆرێك شوێنیان نەماوە و بریندارەکان بۆ ماڵان دەگوزانەوە و؛ بە گوشار و ئەشکەنجەوە خوێن لە خەڵکی وەردەگرن، تا ئێستایش لە داخاندا چوار پزیشیکان گوللە باران کردوون.
نەشوان بەرزنجی




