بزانە لیژنەی کەوتنی مووسڵ چی کردووە و کێ بانگهێشتی لێکۆڵینەوە دەکات

بەغداد-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ دەڵێت، ئێمە وەكو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ بەردەوامین لە لێكۆڵینەوەكانمان و لەئیستایشدا لێكۆڵینەوەكانمان دریژەی هەیە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: ئێمە وەكو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ بەردەوامین لە لێكۆڵینەوەكانمان لەو رۆژەوەی كە دەنگ لەسەر دەستەی نوێی لێكۆڵینەوە دراوە و لەئیستادا لێكۆڵێنەوەكانمان دریژەی هەیە بەشێوەیەک هەموو رۆژێك ئەگەر كارەكان بێ كێشە بێت، دانیشتنمان لەگەڵ بەرپرسی فرقەی دوو و سەرۆكئەركانی فرقەی دوو و لیژنەی ئەمنی پارێزگای مووسڵ كردووە، بۆ بەیانیش سەرۆكئەركانەكان لەگەڵ جێگرەکانیان دێن كە چەند بەڵگە و دیكۆمێنتێكیان هەیە و سوودی لێ وەردەگرین.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) رونیشی كردەوە: تا ئێستا هیچ تۆمەتبارێك دەستبەسەر نەكراوە، بەڵام هەندێك لەو بەرپرسانەی كە تۆمەتباركراون لەناو لێكۆڵینەوەدان، ئێمە وەكو لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی شاری مووسڵ نووسراوێكمان ئاراستەی فڕۆكەخانە و وەزارەتی گواستنەوە و وەزارەتی بەرگری و چەند شوێنێكی دی كردووە و داوامان كردووە ئەو كەسانەی تۆمەتبار كراون نەتوانن سەفەر بكەن بۆ دەرەوەی عێراق .
(شاخەوان عەبدوڵڵا) دەشڵێت، دیارترینی ئەو سەركردە ئەمنییانەی دەخرێنە ژێر لێكۆڵینەوە بریتین لە (عەلی غێدان و موحسین قعود و نائیف قەمبەر و بەرپرسی فرقەی دوو وبەرپرسی فرقەی سێ و چەندانی دیکە؛ ئەو بەرپرسانە كە لە بابەتی كەوتنی شاری مووسڵ تێوەگلاون و لێكۆڵێنەوەیان لەگەڵ دەكرێت و سزاش دەدرێن بەپێی تاوانبار بوونیان.
سەرباز واحد




