سەرۆک بارزانی: پێویستە ئەو سەركەوتنانە فراوانتر بكرێن..ئۆستن: هەموو لایەك بەڕێزەوە سەیری سەركەوتنی پێشمەرگە و ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) دەكات

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی جەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەرییدا، وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان ئەوەی خستەڕوو كە، ئەو هەماهەنگییە سەركەوتنی مەزنی لێ كەتووەتەوە و پێویستە ئەو سەركەوتنانە فراوانتر بكرێن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـی 1ـی 2015 لە شاری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی) پێشوازی لە جەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و پلەداری سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەی (سەرۆك بارزانی) لە مسۆگەركردنی ئەو سەركەوتنانە بەرز نرخاند و پێزانینیشی هەبوو بۆ ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) لە بەرەكان و سەركردایەتیكردنی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. هەروەها سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە ئازایانە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و ڕایشیگەیاند هەموو لایەك بەڕێزەوە سەیری سەركەوتنی پێشمەرگە و ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) دەكات. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە پێشڤەچوونی ڕادەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان هێمای بەوەدا ئەو هەماهەنگییە ئەنجامی زۆر باشی هەبووە و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان ئەوەی خستەڕوو كە ئەو هەماهەنگییە سەركەوتنی مەزنی لێ كەتووەتەوە و پێویستە ئەو سەركەوتنانە فراوانتر بكرێن. هەروەها ئەوەیشی باسكرد كە لەم شەڕەدا كوردستان قارەمان و پێشمەرگە و فەرماندەی مەزنی لەدەست داوە بەڵام بەرگریكردن لە كەرامەت و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان قوربانی و باجیشی دەوێت.
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها بارودۆخی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
جێگەی ئاماژەپێدانە كە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.




