٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: نابێ رێگە بدرێت شه‌ڕی داعش ببێته‌ هۆكارێك بۆ دروستكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی.

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایگەیاند کە، دوای وه‌ده‌رنانی داعش ده‌بێ زیاتر بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان بەهێز بکرێنەوە و، نابێ رێگە بدرێت شه‌ڕی داعش ببێته‌ هۆكارێك بۆ دروستكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ـی 1ـی 2015 (سەرۆک بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد.
له‌ دیداره‌كه‌دا شاندی میوان به‌ناوی خۆیان و دانیشتووانی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێزانینی خۆیان ئاراستەی (سه‌رۆك بارزانی) کرد کە، خۆی راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتیی به‌ره‌كانی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش ده‌كات و سوپاسی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد بۆ گیانفیدایی و ئازایەتییان لە وەدەرنانی تیرۆریستان. هه‌روه‌ها پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان ئاراستەی خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان كرد كه‌ به‌ خوێنی خۆیان شكستیان به‌ داعش هێناوه‌ و ڕایانگەیاند کە، ئه‌وان قه‌رزداری پێشمه‌رگه‌ن و هیچ كاتێك ئازایەتیی پێشمەرگە له‌ یاد ناكرێت و مێژوو ئه‌و گیانفیداییه‌ی پێشمه‌رگه‌ تۆمار ده‌كات. سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشیان كرد بۆ له‌باوه‌ش گرتن و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان.
شاندی میوان جه‌ختیان كرده‌وه‌، كه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێ پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگای نەینەوا‌ تێك بدات. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ قۆناغی دوای وه‌ده‌رنانی داعش و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و درزه‌ كرا، كه‌ داعش به‌ ره‌فتاره‌ نامرۆڤانە‌كانی دروستی كردووه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا، شاندی میوان پوخته‌یه‌كیان له‌ كار و چالاكییه‌كانی خۆیان، پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك بارزانی كرد و ڕایانگەیاند کە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکە‌ به‌ دڵ و به‌ گیان وه‌ك یه‌ك تیم كار ده‌كەن، هه‌روه‌ها داوایان له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد له‌ پاڵپشتیكردنی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌رده‌وام بێت.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و كورته‌یه‌كی له‌ باره‌ی سەرەتای پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش باسكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هاتنی داعش زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ ئیسلام و هەموو پێکهاتەکان گه‌یاند، بۆیە لەناوبردن و دەرکردنی تیرۆریستان ئەرکی هەمووانە و پێویستە هەموو لایەنەکان تواناکانیان یەک بخەن و ڕێگە نەدەن مەرامی تیرۆریستان بێتەدی و دەبێ دەرکردنی تیرۆریستان ببێتە ئەولەویەتی هەمووان.
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند كه‌ به‌ پێی توانا پاڵپشتی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ده‌كات، چونكه‌ نوێنه‌رایه‌تیی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌كات. له‌باره‌ی ژیان و گوزه‌رانی ئاواره‌كانیش، (سه‌رۆك بارزانی) گوتی: چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تی بریتییە لە‌ ڕزگارکردنی ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بۆ‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان. هەروەها جەختیشی کردەوە کە  دوای وه‌ده‌رنانی داعش ده‌بێ زیاتر بنه‌ماكانی پێكه‌وه‌ژیان بەهێز بکرێنەوە و نابێ رێگە بدرێت شه‌ڕی داعش ببێته‌ هۆكارێك بۆ دروستكردنی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا ئەندامانی شاندی میوان پرسیار و سەرنجی خۆیان لەبارەی ڕەوشی ئێستای پارێزگای نەینەوا و پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە خستەڕوو و لەلایەن (سەرۆک بارزانی) وەڵام درانەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار