سەرۆکایەتی هەرێم داوای لێکردوون بە رێککەوتن بگەن.. ھەردوو ئەنجومەنی رۆژئاوای کوردستان رێک کەوتن

هەولێر-KDP.info-دوای ئەوەی (سەرۆک بارزانی) لە دهۆک ماڵی رۆژئاوای کوردستانی رێک خستەوە، لە ئێستادا ھەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان لە شاری ھەولێر لە بارەی کێشەکانی نێوانیان گەیشتنە رێککەوتن و کۆتاییان بە گفتوگۆکانیان هێنا.
پیوەست بە رێککەوتنی هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان، ئەندامی لیژنەی ناوخۆیی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (کاوە ئازیزی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:" دوای ئەوەی دوو شاندی ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، ئەمڕۆ لە هەولێر بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوانیان گەیشتنە رێک کەوتن.
(کاوە ئازیزی) گوتیشی، بڕیار درا ئەو سێ ئەندامەی لەلایەن ئەنەکەسە دەرکران، بخرێنە سەر پشکی تەڤدەم و سێ ئەندامی دیکە بۆ ئەنەکەسە زیاد بکرێت، واتا ژمارەی ئەندامانی لێڤەگەری سیاسی لە 30 ئەندام بۆ 36 ئەندام زیاد کرا.
ئەمەیش لەکاتێکدایە، دوای دروستبوونی کێشە لەنێوان ھەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان لەبەر ئەوەی سێ ئەندامی ئەنەکەسە دەنگیان بە تەڤدەم دابوو، هەروا سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان داوای لەھەردوو ئەنجوومەن کرد سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوانیان چارە بکەن.
بڵند ئیبراھیم




