کە دەوروبەر نەوتی پێ درا، لە ناو هەولێریشدا نەوت دابەش دەكرێت

بەرپرسی پشكێنەری سووتەمەنیی دەوروبەری هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بەیانی لە بالیسان دابەشكردنی نەوت تەواو بوو، بۆ ئەوەی کارەکە خێرا بە ڕێوە بچێت، ئەمڕۆ لە شارەدێی هەریر دەستمان بە دابەشكردنی نەوت كردووە، دوای تەواو بوونی دەوروبەری هەولێر كە چەند ڕۆژێكی دیكە دەخایەنێت، ئەوجا لەناو هەولێر دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت.
(موحسێن سلێمان) بەرپرسی پشكێنەری سووتەمەنیی دەوروبەری هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: دوای ئەوەی لە سنووری هەرچوار شارۆچكەی سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، ڕواندز، نەوتمان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كرد، ئەوە دوو ڕۆژە لە سنووری شارەدێی بالیسان نەوت دابەش دەكەین، لەوێش تەواوی هاووڵاتیان نەوتی خۆیان وەرگرتووە.
(موحسێن) ئاشكراشی كرد، بۆ ئەوەی کارەکە خێرا بە ڕێوە بچێت، ئەمڕۆ لە سنووری شارەدێی هەریر دەستمان بە دابەشكردنی نەوت كردووە، لەوێش تا چەند ڕۆژێكی دیكە تەواوی هاووڵاتیان نەوت وەردەگرن، دواتر دەچینە شارۆچکەی شەقڵاوە و شارەدێی پیرمام.
(موحسێن سلێمان) بەرپرسی پشكێنەری سووتەمەنیی دەوروبەری هەولێر گوتیشی: "دوای تەواو بوونی دەوروبەری هەولێر، یەكسەر لە ناو هەولێریشدا نەوت دابەش دەكەین، پێم وایە بە هۆی خێرا بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت لە دەورووبەری هەولێر، تا چەند ڕۆژی دیکە لەناو شاری هەولێریشدا دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێت."
بەرپرسی پشكێنەری سووتەمەنیی دەوروبەری هەولێر دەڵێ: "پێشتر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 41هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بە هۆی ئەوەی تانكییەكە دەچێتە بەردەم ماڵان، 43هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێ."
ڕابین شێروانی




