٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەبادی بە تەنیا نوێنەرایەتیی عێراق لەشەڕی تیرۆر ناكات

سەرچاوە: KDP.info

زکری موسی

ئەگەر ئەمەریكا حەیدەر عەبادی بە تاكە نوێنەری هەموو عێراق بزانێت ئەوە تووشی هەڵەیەكی گەورە هاتووە. ئەو هەڵەیەی لە پێشتر لە سەردەمی مالیكیش ئەنجامی دا و بە چنگ و ددان هەوڵی دەدا مالیكی بمێنێتەوە. بینیمان ئەو خوێندنەوە نادروستە چەندە كارەساتبار بوو و عێراق و ناوچەكەی لە ئاگری تیرۆردا هەڵقورتاند. كێشەی عێراق زۆر لەوە قووڵترە بە پاڵپشتیكردنی كەسێك و سەپاندنی بەسەر لایەنێك و بە نوێنەرزانینی چارەسەر بكرێت. ئەمەریكا دەبێ ئەوە بزانێت حكوومەتی عێراق بە تەنیا و بە بێ كورد ناتوانێ شەڕی تیرۆر بكات و ئاساییش دابین بكات چونكە كەرەستەی سیاسی و مرۆیی و سەربازی بۆ ئەم مەبەستە لەبەردەستی حكوومەتی عێراقدا نییە. بۆیەشە لەمەسەلەی شەڕی تیرۆردا عەبادی ناتوانێ نوێنەری هەموو عێراق بێت. پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ كۆنگرەی لەندەن زۆر ڕوونە و هۆشدارییەكە بۆ ڕۆژئاوا كە هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە نەكەنەوە. 
لە لایەكی دییەوە عەبادی چۆن دەتوانێت نوێنەرایەتیی كورد بكات كە هەتا ئێستا گرفتی بودجەی هەرێمی پێ چارە نەكراوە و ئێستایشی لەگەڵدابێت ڕێگرە لەبەردەم گەییشتنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێم؟ چۆن نوێنەرایەتیی سووننە دەكات لەكاتێكدا سووننە وەك كوتلەیەكی كاریگەر لە پڕۆسەی سیاسی بوونی نییە. چۆن نوێنەرایەتیی شیعە دەكات كە تەنانەت لەناو حزبەكەی خۆیشیدا هەن شمشێری بۆ تیژ دەكەن؟ نوێنەرایەتیی كام عێراق دەكات كە دار لەسەر بەرد نەماوە و سنوورە ناوخۆییەكانی بە خوێن نەخشێندراوە؟ نوێنەرایەتیی كام عێراق دەكات كە مەیدانی تەڕاتێنی دەیان میلیشیای شیعی و تیرۆریستانی داعش و دەزگە هەواڵگرییەكانی دەرووبەرە؟ كوان دەستكەوتە سەربازییەكانی حكوومەتی عێراقی لە شەش مانگی ڕابردوو؟
سەبارەت بە كوردستانیش تەنیا كوردستانە لە ئێش و ئازارەكانی دەگات و قورسایی ئەو بارودۆخەی كە بەغدا و داعش و هەڵەكانی ئەمەریكا هۆكارەكانیەتی لەسەر شانی خەڵكی كوردستانە. ئەوە كوردستانە بەدەست جەهلی ئایینی و نالایقی سیاسییەكانی بەغدا بریندار كراوە. ئەوە پێشمەرگەیە بە خوێنی خۆی توانیویەتی ئەفسانەی داعش تێكبشكێنێت و دەرگەی بۆ لەناوبردنی داعشی كردەوە. عەبادی و هەر سەرۆك وەزیرانی دی نوێنەرایەتیی كورد ناكەن چونكە لە ئازارەكانی كوردستان ناگەن. ناشتوانن ئەو واقعەی لە مەیداندا هەیە بە باشی ببینن و بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باسی بكەن. ناشتوانن ئاشتەوایی و ئاساییش دابین بكەن. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردوو گەواهییەكی ڕوونە بۆ ئەم بابەتە. بۆیە ئەمەریكا و ڕۆژئاوا هەڵەن ئومێد لەسەر سیاسەتە كلاسیكییەكانیان هەڵچنن. ئیعتباردان بە كەسێك كە لە ئەرزی واقع دوورە و داتا و ڕەهەندە عەمەلییەكانی شەڕی تیرۆر نازانێ خزمەت بە ئامانجە ستراتیژییەكانی ئەمەریكا و ڕۆژئاوا بۆ شەڕی تیرۆر و ئاساییشی نێودەوڵەتی ناكات.

هەواڵی پەیوەندیدار