شیوازی ژیان لە "مووسڵ"ـدا بخوێنەوە؛ مووسڵییەكان چ هیوایەكیان هەیە؟

دانیشتوویەكی مووسڵ بە ناوی "تاریق" بە ڕۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانیایی ڕاگەیاند "هەر ئەوەندە دەڵێم كە ژیان لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا دۆزەخە... ئێستا ناتوانین بخوێنین و نازانین چ داهاتوویەكیش چاوەڕێمان دەكات". ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕەوشی "مووسڵ" خراپتر دەبێت و، دانیشتووانی ئەو شارەش لە گروپی تیرۆریستی "داعش" بێزار بوونە.
دووكاندارێكی خەڵکی مووسڵیش دەڵێت لە ژیانی مووسڵ بێزار بووە، بەڵام نازانێت چی بكات. ئەو دووكاندارە بە "گاردیان"ـی ڕاگەیاند "ئەگەر كەسێك بیەوێت مووسڵ بەجێ بهێڵێت، ئەوا پێویستە سێ كەس گەرەنتیی بكەن بۆ ئەوەی لە ماوەی 5 ڕۆژدا بگەڕێتەوە! ئەگەر ئەو كەسە پاش تەواوبوونی ئەو 5 ڕۆژە نەگەڕایەوە ئەوا ژیانی سێ كەسەكەی دیكە دەكەوێتە مەترسییەوە".
ئەو دووكاندارە ئاماژە بەوەیش دەكات كە زۆر چەكداری گروپی تیرۆریستی "داعش" لە شەڕەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی میحوەری "دیجلە"دا كوژراون و، بریندار بوونە. ئەو دووكاندارە دەڵێت "من هەر خۆم سێ جار ناچار كراوم بۆ ئەوەی خوێن ببەخشم".
ڕۆژنامە بەریتانیاییەكە دەنووسێت، سووتەمەنی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گروپی تیرۆریستی "داعش"ـدا زۆر كەم بووەتەوە. نرخی سووتەمەنی ئەوەندە بەرزە كە هەندێك لە دانیشتووانی "مووسڵ" دەستیان كردووە، بە بڕینی ڕووەك و، بەكارهێنانی چڵ و، لقەكانی بۆ ئامادەكردنی خواردن و گەرمكردنەوە. لەوەش زیاتر، وزەی كارەبا و گاز زۆر كەمە و، خاشاك و پاشەڕۆیش لە شەقامەكانی "مووسڵ"ـدا كۆ بوەتەوە.
ئافرەتانیش لە گروپی تیرۆریستی "داعش" زۆر تووڕە و بێزارن. ئافرەتێكی تەمەن 37 ساڵان بە ناوی ئومعومەر، ڕایگەیاند "داعش هەموو جۆرە ئازادییەكی لێ زەوت كردووین. ئەگەر بچینە دەرەوە و جلوبەرگەكەمان بە دڵی ئەوان نەبێت، ئەوا دەمانبەن بۆ مزگەوتی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بۆ ئەوەی تەوبە بكەین".
خانەوادەكان ترسی ئەوەیان هەیە كچەكانیان بە زۆر بدرێنە چەكدارانی گروپی تیرۆریستی "داعش". هەربۆیەش تەنیا ئافرەتانی بەتەمەن ڕوو لە بازاڕ دەكەن بۆ كڕینی پێداویستیەكانی ماڵەوە.
و:خالید ئەحمەد




