٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فەرەنسا سەربازی زیاتر دەنێرێت بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە

سەرچاوە: KDP.info

(ڤایس‌نیوز) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند لەو چەند حەفتەیەی دابێت فەرەنسا پشتیگیرییەکانی بۆ شەڕی داعش زیاد دەکات، بە ناردنی چل سەربازی دیکە بۆ مەشقدادانی سوپای عێراق و پێشمەرگەی کوردستان.

لەو بارەیەوە گیلس جارۆن، وتەبێژی سوپای فەرەنسا گوتی: ئەو سەربازانەی دەچنە عێراق ڕۆڵی ڕاوێژدەری وەردەگرن و، لەوێ مەشق بە هێزە عێراقییەکان دادەدەن.
جارۆن وای نیشان دا کە لە بەرنامەیەکی سێ مانگیدا بە دوو قۆناغ ڕاهێنان بە سوپای عێراق و، پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، بۆ هەریەکەیان 10 سەربازی ڕاهێنەر مەشق بە هێزەکانیان دەکەن.
هەروەها (20) سەربازی تر کە شارەزان لە پلاندانانی کاروباری سەربازی، ئەوان تەرخان دەکرێن بۆ ڕاوێژدەری پلاندانانی فەرماندەکان.
جین پیەری جێگیری پەیمانگای ستراتیژی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، شارەزا لە بواری سەربازی بە (ڤایس‌نیوزی) ڕاگەیاند: بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانەکە، سێ جۆری جیاواز لە خۆ دەگرن: یەکەم ڕاهێنانی سەرکردە و فەرماندەکان، تا ڕابهێنرێن کە چۆن سەرکردایەتیی مەشقدادان بکەن و، دووەم ڕاهێنانی هێزەکان لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی کەلوپەلە سەربازییەکان و، سێیەم ڕاهێنانە بنچینەیەکانی سوپا. فەرەنسا لەسەر ڕێباز و بیروباوەڕی سوپای فەرەنسایی مەشق بە هێزە عێراقییەکان دەکەن و، توانا و، شارەزاییە ستراتیژییەکان و، زانستی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی عێراق ئاڵوگۆڕ دەکەن.
جێی باسە فەرەنسا لە ئابی ڕابردوویشدا هێزێکی تایبەتی ڕاهێنانی ڕەوانەی کوردستان کردبوو، بۆ مەشقدادانی پێشمەرگە لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەکی سووک و قورس.

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار