سەرکردەکانی جیهان بە لێشاو سەردانی سعودیە دەكەن

دوای کۆچە یەکجارەکییەکەی شا عەبدوڵلا، سەرکردەکانی جیهان سەرەتا بە زارەکی سەرەخۆشییان کرد و، ئێستایس بە خۆیان چوونە بۆ پرسەکەی بنەماڵەی عەبدولعەزیز.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بیبیسی دەیڤد کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و، فرانسۆ هۆڵاند سەرۆکی فەرەنسا و، شا فلیپ پاشای ئیسپانیا، هەرسێانەکەیان ڕۆژی شەممە چوونە پرسەکە.
هەروەها سەرکردەکانی کەنداو و، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و نەواز شەریف سەرۆکوەزیری پاکستان ئامادەی ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەکەی شا عەبدوڵلا بوون.
لە جیهانەوە پایەبەرزانی وڵاتان و خەڵکی ئاسایی ڕژاونەتە عەرەبستان، جگە لە دەربڕینی هاوخەمی دەیانەوێت کەسایەتی و میزاج و شێوازی ئەم پاشا نوێیەیش لە نزیکەوە ببینن.
جێی باسە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا سەردانە سێ ڕۆژییەکەی بۆ هیندستان کورت دەکاتەوە و، ڕۆژی سێشەممە تەشریفی دەباتە عەرەبستان هەم بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی عەبدولعەزیز و، هەم بۆ پیرۆزبایی لە شای نوێ و درێژەدان بە هاوپەیمانەتییەکەیان.
و/ خالید ئەحمەد




