٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پێشمەرگە بوو بە هێزی ئاشتیپارێزی جیهان.. بەریتانیا ددانی پێدا نا

سەرچاوە: KDP.info

تەنیا كوردی

پێشمەرگە لە ژێر فەرمان و تاكتیك و ستراتیژییەتی (سەرۆك بارزانی) لە تەواوی جیهاندا بووەتە رەمز و هێزی ئاشتیپارێزی جیهان، هەروا لە رۆژهەڵاتی ناوینیشدا وەك تاكە هێزی سەر زەوی و لە ژێر سەركردایەتیی (سەرۆك بارزانی) ماهییەتی داعشی شكاند و؛ بەهێزترین دەوڵەتی تیرۆری لە جیهاندا پاشەكشە پێ كرد، بەریتانیاش لە رێگەی شارەداری لەندنەوە كە، سەردانی هەولێری كرد، دەیەوێ ئەزموونی سەركەوتووانەی هێزی پیشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بگوازێتەوە لەندەن، هەروا وەزیرە باڵاکانی حکوومەتی بەریتانیا ناوی پێشمەرگە بە ئاشتی پارێزی جیهان دەهێنن.

شارەداری لەندەن سوود لە ئەزموونی پێشمەرگە وەردەگرێت

بەریتانیا كە لە هاوكێشەی بەهێزی ئابووری و سەربازی وڵاتانی جیهاندا پێگەیەكی باڵای هەیە، لە ڕێگەی شارەداری لەندن (بۆریس جۆنسۆن) دەیەوێ ئەزموونی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بۆ لەندەن بگوازێتەوە، تا بە تاكتیك و بوێریی پێشمەرگە كە لە دژی تیرۆریستان پێڕۆی كردوون، لەندەن سوود لەو تاكتیكە وەربگرێت و بە دوور بێت لە هێرشی تیرۆریستانی داعش و قاعیدە و رەوتی دیكەی تیرۆر لە جیهاندا.
رۆژنامەكانی بەریتانیا بایەخی تایبەتیان داوە بە سەردانەكەی شارەداری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) بۆ هەولێر و، رۆژنامەیەكی ئەو وڵاتە نووسیویەتی كە شارەدار دەیەوێ سوود لە ئەزموونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەربگرێت بۆ ئەوەی لەندەن لە مەترسیی تیرۆر بپارێزێت.
كۆتایی هەفتەی رابردوو شارەداری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) بە سەردانێكی فەرمی گەییشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)ـدا كۆ بووەوە. ئەگەرچی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە میدیا كوردییەكان ئاماژەیان پێ كرا كە پێوەست بوون بە لایەنی ئابووری و تاوتووكردنی پرسی پێشمەرگە و شەڕی داعش، بەڵام لە میدیاكانی بەریتانیادا چەند پرسەگەلێكی دی ورووژێنران كە شارەداری وڵاتەكەیان بۆ چەند مەبەستێك سەردانی هەولێری كردووە كە گرینگترینیان بریتی بوون لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشمەرگە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش، هەروا پتەوكردنی پیوەندیی شارەداری لەندەن بە هەرێمی كوردستان كە كاریگەری بەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەكەی دەبێت بە تایبەت بۆ شارەدار و ئەو حزبەی كە كاری بۆ دەكات.
بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانیاییەكان تەوەرێكی دیكەی سەردانەكەی شارەداری لەندەن  بریتی بووە لە كاری بازرگانی و هەروا هاندانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و رۆژنامەكان نووسیویانە كە، هەولێر پایتەختی ئابووریی ناوچەكەیە و شارەداری لەندەنیش دەیەوێ كۆمپانیای بەریتانیا بۆ ئەو شارە بەڕێ بكات.
پارێزگاری لەندەن (بۆریس جۆنسۆن) كە لە كاری رۆژنامەنووسییەوە بوو بە شارەداری لەندەن، پێوەست بە سەردانی بۆ هەولێر بۆ راگەیاندنەكانی بەریتانیا ئاماژەی كردووە كە، ئەو ناترسێ كاتێ سەردانی هەولێر دەكات، چونكە لە هەولێر ئەمنییەت هەیە، هەروا لە كاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان لە هەولێر رایگەیاند كە، ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان بەچاوی خۆی بینیویەتی گەلێك زیاترە لەو پێشبینییەی كە ئەو لەسەر هەرێمی كوردستان هەیبووە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی بە ناوبانگی بەریتانیا   independent شارەداری لەندەن دەیەوێ سوود لە ئەزموونی چۆنیەتیی بەرگریی سەركەوتووانەی هەریمی كوردستان بەرانبەر بە تیرۆریستانی داعش وەربگرێت، بۆ ئەوەی بەو تاكتیك و پلانە زانیاری وەربگرێت و پێشوەختە رێوشوێنی ئەمنی لە شاری لەندەن بگرێتە بەر و مەترسی تیرۆر لە شارەكەی بەدوور بگرێت، هەروەك لە میانی كۆبوونەوەكەیشیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان رایگەیاندووە كە، مەترسییەكانی تیرۆر لە سنوورەكانی ئەم ناوچەیە چوونەتە دەرەوە و بۆ ئەورووپا و بەریتانیایش هەڕەشەن.‌
(جۆنسۆن) كە یەكێك لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی بەریتانیاییە لە رووی نووسین و پەرتوكەوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكانی بەریتانیا ئامانجێكی دیكەی پارێزگار بۆ ئەوەیە كە، ئەو دەیەوێ لە ئیستادا پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەو بكات، چونكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەكەی حەزی لە پۆستی باڵاترە و پێوەندی و نزیكایەتییشی لە هەرێمی كوردستان بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی بە گرینگ زانیوە وەك لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان رایگەیاند كە، بەریتانیا و شارەداریی لەندەن، خوازیاری بنیاتنانی پەیوەندیی بەهێز و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆیە حكوومەت و كەرتی تایبەتی وڵاتەكەی هان دەدات كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە ببەن و لە هەموو بوارەكاندا پەرەیان پێ بدەن.

هەولێر پایتەختی ئابووری ناوچەکەیە
هەروەك رۆژنامەی  independent نووسیویەتی كە هەولێر پایتەختی ئابووریی ناوچەكەیە و ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا لەو شارەدا كار دەكەن، بۆیە شارەدار دەیەوێ بە جیددی هەوڵ بدات تا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بەریتانیا پێوەست بە لایەنی ئابووری روو لە هەولێر بكەن. ئەگەرچی ئامانجێكی دیكەی سەردانەكەی شارەدار بریتی بوو لە بینینی ئەو سەربازە بەریتانیایانەی كە مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەكەن وەك لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، باسی لە بەسەركردنەوەی سەربازگەیەكی بەریتانیایش كرد كە مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە دەكات و خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان ئەفسەرانی بەریتانیا و هێزەكانی پێشمەرگە نیشان دا و هیوای خواست هاوكاریی باشتری پێشمەرگە بكرێت، بۆ ئەوەی بەسەر تیرۆرستاندا سەر بكەوێت، هاوكات رۆژنامە بەریتانیاییەكەیش نووسیویەتی كە، (جۆنسۆن) ویستی لەسەر بینینی ئەو سەربازە بەریتانیاییانەیە كە مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و دەیەوێ لە نزیكەوە چاوی پێ بكەوێت. هەروا لە كاتی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سەربازە بەریتانیاییەكان چەكی پێشمەرگەی هەڵگرت و لە نزیكەوە سەنگەرەكانی بەسەر كردنەوە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی كە (جۆنسۆن) بە شیوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە كتوپڕ سەردانی هەریمی كوردستانی كرد و گەلێك مێدیای دیكەی بەریتانیایش ئاماژەیان كردووە كە لە ئیستادا بەریتانیا بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات تا پێوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا یەكجار بباتە ئاستی باڵاوە، هەتا هەندێ لە رۆژنامەكان نووسیویانە كە بەریتانیا خۆی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی ئەگەر كورد داوای سەربەخۆییشی كرد بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی بكەن.

پێشمەرگە هێزی ئاشتی پارێزی جیهانە
جگە لەو سەردانەی شارەداری لەندەن بۆ هەولێر، لە پێشووتریشدا بەرپرسانی باڵای بەریتانیا تا ئاستی سەرۆكوەزیرانی سەرسامییان بە بوێریی هێزی پیشمەرگە دەربڕیوە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوین (تۆبایەس ئێلوود) ڕایگەیاند كە، "ئێمە بە لێبووردەیی و بەرپرسیارەتیی پێشمەرگە دەزانین، بۆیە ئەگەر ئەو هێزانە بخرێنە نێو سوپایەكی نیزامی و نیشتیمانییەوە و بە باشترین شێوە ڕاهێنانی بۆ بكرێت، ئەوا لە داهاتوودا ئەو سوپایە لە جیهاندا سوودی لێ وەردەگیردرێت بۆ ئەوەی وەك هێزی ئاشتیپارێز لە دونیادا بە كار بهێندرێت. نیەتی بەریتانیا بۆ هێزی پیشمەرگە ئەوەیە كە لە داهاتوودا وەك هێزی ئاشتی پارێزی جیهان سوودی لێ ببینرێ و ئەمەیش مانای ئەوە دەگەیەنێت كە پێشمەرگە پارێزەری گشت جیهانە لە شەڕی دژ بە تیرۆر چونكە لە واقیعیشدا پێشمەرگە تاكە هێزی سەرزەوییە كە لە رۆژهەڵاتی ناویندا داعشی تێك شكاند.
ماڵپەڕی (دیفەنس ڤیو پۆینتس)كە یەكێك لە باناوبانگترین ماڵپەڕی پێوەست بە بەرگری و ئاساییش كار دەكات، تایبەت بە كاروباری سەربازی و بەرگریی بەریتانیا، پێشووتر نووسیویەتی كە، "هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە بەرپەرچدانەوەی داعشدا، لە ئاستی عێراقدا گەورەترین چالاكیی كردووە. سوپای عێراق، وەك پێشمەرگە، توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نییە و ئەو ماڵپەڕەیش ئاماژەی كردووە كە، پاشەڕۆژی هێزی پێشمەرگە وەك هێزی ئاشتیپارێز سوودی لێ وەدەگیرێت".
  بەریتانیا هەروا لەڕێگەی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (دێسمۆند سوەین) رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی سەرەكیی لە شەڕكردن لەگەڵ داعش لە ناوچەكەدا دەبینێت و بەریتانیا ئەوەی لە دەستی دابێت بۆ كوردستان دەیكات. ئەمە جگە لەوەی كە بەریتانیا كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە و وەك دۆستێكی دیاری كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناویندا پیوەندیی پتەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا گرێ داوە.
لە ئاست پەرلەمانی ئەو وڵاتەیشدا لیژنەی كاروباری درەوەی پەرلەمانی بەریتانیا رایانگەیاند و دووپاتیان كردووەتەوە كە، بەریتانیا پێویستە لەرووی دیپلۆماسی و هاوكاریی سەربازی لە شەڕی دژ بە تیرۆر پشتگیریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات و بەشێوەیەكی فەرمییش راگەیاندنی پاڵپشتیی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی بەریتانیا دووپات كراوەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار