گوتەی بەرپرسی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی مووسڵ وەرگیرا.. لێكۆڵینەوە لە بەرپرسانی كەوتنی ئەو پارێزگایە بەردەوامە

بەغدا-KDP.info- جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدولڵا) ئاشكرای دەكات، لێكۆڵینەوەكان لە بەرپرسان و لایەنی كەمتەرخەم لە كەوتنی مووسڵ لەلایەن لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی ئەو شارە بەردەوامە و تاكو ئێستا چەندان بەرپرسی باڵا لێدوانەكانیان وەرگیراون و چەندین بەڵگەیش گەییشتوونەتە دەست ئەو لیژنەیە.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و جێگری لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لە درێژەی لێكۆڵینەوەكانمان كە بەردەوامین رۆژانە بۆ بانگهێشتكردنی فەرماندە و ئەفسەر و بەرپرسانی كارگێڕی وئەمنی كە لەو كاتەدا پۆستیان هەبووە لە پارێزگای مووسڵ بۆ گەییشتن بە ڕاستییەكان، ئەمڕۆیش بەرپرسی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بانگهێشت كرا لەبەر ئەوەی ئەو لە كاتی شەڕەكە وەكو بەرپرسی لیژنەی ئەمنی لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی ئۆپەراسیۆنەكاندا بەشداریی كردووە، بۆیە گوتەی خۆی بەرامبەر لیژنەكە داوە و ئەو بەڵگەو نووسراوانەی هەبوون لە كاتی شەڕەكە لێیمان وەرگرتن، سبەینێیش بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ئەوكاتی مووسڵ بانگهێشت دەكرێت و گوتەی ئەویش وەردەگرین".
ئەو جێگرەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە كەوتنی مووسڵ گوتیشی، "تاكو ئێستا لێدوانەكان بە ئاڕاستەی تاوانباركردنی دوو بەرپرسی یەكەم دێت، جارێ ئەو بڕیارە نادرێت تا ئەنجامەكەی دەردەچێت، هەندێ بەڵگەی دیكە هەن ئێمە چاوەڕێین بگەنە دەستمان، ئەو بەڵگانە بە تەلەفون و ئیمێل بۆمان هاتوون و داوامان كردووە پشتڕاست بكرێنەوە، بەڵینیشیان داوە بیگەیننە دەستمان، ئەگەر ئەو بەڵگانە و ناوەڕۆكەكەی وەكو ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە و ئیمێلانە بن كە بە دەستمان گەییشتوون، (مالیكی)ـیش تۆمەتبار دەكرێت".
(شاخەوان) ئاماژەیشی دا، "لە كاتی لێكۆڵینەكاندا ئەوەمان بۆ دەركەوتووە كە تیرۆریستانی داعش ڕاستە لە هێرشەكەیان دەستیان بەسەر مووسڵدا گرتووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر سوودیان لە گەندەڵیی چەند بەرپرسێك وەرگرتووە و بەشیان هەبوو لەو رێككەوتنانەی كە بە شێوەیەكی ناشەرعی دەكرێن، بەو پێیەیش توانیویانە خۆیان پێ بگەیەنن و چەك و تەقەمەنیی پێ بكڕن".
پارێزگای مووسڵ لە شەوی 9/10-ی مانگی حوزەیرانی پارساڵ لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە هاتە كۆنتڕۆڵكردن و بە هۆیەوە خەڵكێكی زۆری ئەو شارە ئاوارە بوون.
نەشوان بەرزنجی




