بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە: 95%ـی خاكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان لە ژێر دەستی پێشمەرگەدایە

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، 95%-ی خاكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە ژێر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایە، تەنیا 5%ـی ئەو خاكە لە ژێر دەستی داعش ماوە و موژدە دەدەن بەم زووانە ئەوانیش دێنە ژێر باڵی وەزارەتی پێشمەرگەوە.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە (ئەنوەری حاجی عوسمان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و نزیك مووسڵ، هێمایە بۆ نزیكبوونەوەی سەركەوتنی گەورەتر، كاتێك رێگای سەرەكیی مووسڵ-تەلەعفەر-سووریا لە ژێر دەسەڵاتی داعش نەماوە، ئەوە هێمایە بۆ ڕووخانی داعش.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) هێزی پێشمەرگە لە شنگال و دەوروبەری مووسڵ جوڵە دەكات. گوتیشی، "پێشووتر گوتمان داعش ناتوانێت لە خاكی كوردستان بمێنێتەوە، ئێستاش دووپاتی دەكەینەوە داعش بەرەو مەرگە و ناتوانێت بەرامبەر پێشمەرگە بوەستێت".
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، 95%ـی خاكی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان لە ژێر دەستی پێشمەرگەدایە و موژدە دەدەن بەم زووانە ئەو ناوچانەی ماویشن، دێنە ژێر باڵی وەزارەتی پێشمەرگەوە.
یەحیا سابیر




