ئەو 10 هەڕەشەیەی لەمساڵدا میوانی جیهان دەبن

بەریتانیا-KDP.info- ماڵپەڕی تەلیگراف لە ڕاپۆرتێكدا كە (پیتەر فۆستەر)-ی سەرنووسەری تەلیگراف لە لقی ئەمەریكا نووسیویەتی، (10) مەترسییەكەی سەر جیهان بەپێی ڕیزبەندی و بەو شێوەیەی خوارەوە شی دەكرێنەوە:
یەكەم: سیاسەتی ئەورووپا
بەرزبوونەوەی نیگەرانییەكان سەبارەت بە ئابووری ئەورووپا لە 2015-دا زیاد دەكات، بەڵام نایشگاتە ئاستی قەیران دروستكردن كە سەركردە سیاسییەكان پێكەوە یەك بخات و كار پێكەوە بكەن.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی داوە بە زیادبوونی بەریەككەوتنەكان لە نێوان وڵاتانی ئەورووپادا بە شێوەیەك كە لە ئێستادا بێزاریی دروست كردووە بە تایبەتی لەسەر زیادبوونی كاریگەری و دەسەڵاتی زیاتری ئەڵمانیا لەسەر یەكیەتیی ئەورووپا، هەروەها ڕووسیا و داعشیش بە سەربار دەمێننەوە و هەڕەشە لەسەر ئاساییش و ئابووری ئەورووپا دەكەن.
دووەم: ڕووسیا
ئەگەرچی سزا ئابوورییەكانی سەر ڕووسیا و دابەزینی نرخی نەوت ڕووسیایان لاواز كردووە، بەڵام كایگەریی ئەوتۆیان نەخستووەتە سەر (ڤلادیمێر پۆتین) تا لە ئۆكڕاینا پاشەكشە بكات.
ئەمەریكا و ئەورووپا دەتوانن بە سزای زیاتر ئابووری ڕووسیا داچەمێنن، بەڵام ئەوە كاریگەری لەسەر ڕۆژئاوایش دەبێت، چونكە ئەوكاتە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی ڕۆژئاوایش دەبنە قوربانیی ئەو ململانێ سیاسییە، بۆیە لەو ساڵدا ئەو ململانێیانە زیاتر هەستیان پێ دەكرێت و كاریگەرییان دەبێت.
سێیەم: كەمبوونەوەی كاریگەریی چین:
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی فۆستەر، هەوڵەكان و تموحی سەرۆكی چین بۆ چاكسازیی ئابووری بە ئاڕاستەیەكەن چین بەرەو مۆدیلی بەكاربردن دەبەن ئەوەش گەشەسەندنی ئابووری لەو وڵاتە لاواز كردووە. ئەو ستراتیژییەتە لە (2015)ـیشدا درێژەی دەبێت، هەڵبەت ئەوە لە ناوخۆی وڵاتدا زۆر كاریگەریی خراپی نابێت، بەڵام كاریگەری لەسەر ئەو بازرگانیانە دەبێت كە چین هەیەتی لەگەڵ دەرەوە بە تایبەتیش كە چین بۆ بەگژداهاتنەوەی برسیەتی پێویستی بە ئابوورییەكی بەرفراوان هەیە.
چوارەم: بەچەككردنی ئابووریی جیهان
بەدەستهێنانی یاخود پێكانی ئامانج لە سیاسەتی دەرەوەدا هێزی سەربازیی گەرەكە، فۆستەر نووسیویەتی، ستراتیژییەتی ئێستای ئەمەریكا لە بەچەك و تەقەمەنیكردنی ئابووری جیهاندا بە جۆرێكە كە سەركردایەتیی بازاڕ دەكات و سزای جۆراوجۆریش دەسەپێنێت، بەمەیش زیان بە هاوپەیمانەكانی بە تایبەتی ئەورووپا دەگەیێنێت، هەروەها كۆمپانیاكانیش دەخاتە نێو شەڕێكی نەخوازراوی واشنتۆن و وڵاتە سزابەسەرداسەپێنراوەكانەوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە لە ساڵی 2015دا كاریگەرییەكانی ئەو ستراتیژییەتەی ئەمەریكا زیاتر بەدەر دەكەون.
پێنجەم: داعش لە دەرەوەی سنوری عێراق و سووریادا
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی تەلیگراف داعش لە عێراق و سووریا ڕوو لە هەرەسهێنانە، بەڵام لە 2015-دا بیری داعشی پەل دەكێشێت و تەشەنە دەكات بۆ ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا.
فۆستەر پێی وایە كە، داعش ڕێكخستنەكانی بەرفراوان دەكات و یەكە و بارەگا دەكەنەوە لە یەمەن و ئوردن و عەرەبستاندا، هەروەها لەگەڵ گرووپە جیهادییەكانی تر یەك دەگرن بەمەش هەڕەشەی زیاتر بۆ دەوروبەریان دروست دەكەن.
شەشەم: لاوازی لە جێبەجێكردنی پێویستیی (خواستی) دەنگدەران
كە ماندوون بەدەست (دیلما ڕۆسیفی بەرازیل و جوان مانویل سانتۆسی كۆڵۆمبیا و جاكوب زومای باشوری ئەفریقا و جودلاك جۆنسنی نایجیریا و ئەردۆغانی توركیا)ـوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی تەلیگراف لە 2015 دا ئەو وڵاتانە ڕوبەڕووی دەنگی ناڕازیی زیاتری هاونیشتمانییەكانیان و پارتە سیاسییەكان دەبنەوە و كۆسپی مەزنیان دێتە پێش لە جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەتەكانیان.
حەوتەم: بەرزكردنەوەی سێكتەرە ستراتیژییەكان
لە (2015)دا كار و بازرگانی زیاتر پەیوەست دەبن بە سەقامگیریی سیاسییەوە، هەر وڵاتێك بتوانێت سیاسەتێكی جێگیر و گونجاوی هەبێت ئەوا دەتوانێت ئابوورییەكی گەشەسەندوویشی هەبێت، لە هەندێك وڵاتدا بەتایبەت فۆستەر تیشكی خستووەتە سەر ئەمەریكا و دەڵێت، ئەنجوومەنی ئاساییشی ئەمەریكا زیاتر بایەخ بە كارسازی (پیشەسازی)ـی سەربازی دەدات، بەمەیش كۆمپانیا بازرگانییەكانی ئەو بوارە ئاستی داهاتیان بەرز دەبێتەوە لە بەرامبەردا سێكتەرەكانی تر پشتگوێ دەخرێن و دادەپوكێن.
هەشتەم: عەرەبستان لە بەرامبەر ئێراندا
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی تەلیگراف، كێشەكانی نێوان عەرەبستان و ئێران لەوساڵدا زیاتر شۆڕ دەبنەوە و مەترسیی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكەن. واشنتۆن و وڵاتانی تری دەرەوەیش بۆ قوڵكردنەوەی كێشەكانیان دەستیان لە كاروباریاندا دەهێڵنەوە و فشاری زیاتریش دەخەنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران. عەرەبستان و ئێران زیاتر دەبنە كۆسپ لەسەر بازرگانیی وزە (بازاڕی نەوت)ـی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
نۆیەم: تایوان و چین
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی تەلیگراف، سیاسەتی نالەباری ناوچەیی لە تایوان لەو ساڵدا پیداگیری سیاسەتی تایوان لەسەر پەیوەندییەكانیان بە خاكی وشكاییەوە زیاتر بەدی دەكرێت، بە تایبەتی ئەگەر هەوڵەكان و هەڵسوكەوتكردنی بەیجینگ لەگەڵ (تایپی) بۆ كاركردن و یەكدیگرتنەوە بەرەوپێشەوە نەچوو، لەوانەیە لە بەرامبەردا بەیجینگ پاشەكشە بكات لەو بەڵێننامە بازرگانییە گەورانەی كە پێشتر لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ئیمزای كردبون. هەر ئەگەرێكی لەو شێوەیەیش كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ڕای گشتی لە تایوان، ئەوە جگە لە زیانگەیاندن بە ئابووریی هەردوولا. خۆ ئەگەر ئەمەریكایش ڕەخنەی هەبوو لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەیجینگ، ئەوا زیان بە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و چینیش دەگات.
دەیەم: توركیا
لە ڕاپۆرتەكەی تەلیگڕافدا هاتووە كە، (ئەردۆغان) لەوساڵدا زیاتر هێرش دەكاتە سەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات و جێبەجێكردنی كارنامەی سیاسیی پارتەكەی، بۆیە لەبری سیاسەتێكی نەرم و یەكگرتوو، زیاتر سیاسەتێكی فشاراوی پێڕۆ دەكات.
ئاوارەكانی سووریا و بەشێكی عێراقیش لەناو توركیادا بیری توندڕۆیی دەچێننە ناو سیاسەتی وڵاتەكەوە و گوشاری ئابوورییش زیاتر پەرە دەستێنێت.
و: خالید ئەحمەد




