بەریتانیا ماددەی هۆشبەر بۆ زیندانیان دەكڕێت

بەریتانیا-KDP.info- ماڵپەڕی دەیلیمەیل ڕاپۆرتێكی لەسەر زیندانییەكانی بەریتانیا بڵاو كردووەتەوە و ئەو زیندانیانەیش كە فێری ماددە هۆشبەرەكان بوون، بۆ ماوەی سێ مانگ دەرمانەكانیان پێ دەدرێت.
دەیلیمەیل نوسیوویەتی، نزیكەی 30 هەزار زیندانی لە زیندانەكاندا ماددەی هۆشبەر وەردەگرن، بە تایبەتی (هێرۆین و كانابیس) زۆر باون و لە زیندانەكاندا داواكارییان زۆرە. هەڵبەتە ئەو دەرمانانەیان لە چوارچێوەی پڕۆگرامێكی چاكسازیی زیندانەكاندا پێ دەدرێت.
وەزیری چاودێریی بەریتانیا لەو بارەیەوە گوتی، لە زینداندا تاوانباران تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگ ماددەی هۆشبەریان پێ دەدرێت، ئەویش دەبێت لە چوارچێوەی رێنماییەكانی پشكنینی پزیشكیدا بێت و، ساڵانە زیاتر لە پەنجاوپێنج ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی لەپارەی باج و دەرامەتیان بۆ خەرج دەكرێت.
لەسەر ئەو زێدەڕۆیی و پارەبەهەدەردانە، هەندێك پەرلەمانتار ناڕازین و داوای پڕۆگرامێكی باشتر دەكەن، چونمە بڕوایان وایە ناكرێت لە ماڵی گشتی و بۆ زیندانیان، ماددەی هۆشبەر بكڕێت.
جێی باسە زیندانیانی بەریتانیا زۆریان لەسەر ماددەی هۆشبەر دەخرێنە زیندانەوە، لەوێیش بڕێك وەردەگرن ئەوە جگە لەوەی بۆخۆیشیان پەكیان ناكەوێت. ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی كە تەنیا لە پاردا 4479 نموونەی دەرمان بە كێشی جیاوازەوە لە زیندانییەكان گیراوە، كە لەنێویاندا 1051 نموونەی لەجۆری كانابیس بووە، ئاخر ئەو زیندانیانە دەڵێن ئەوەی لە زیندان وەری دەگرن تۆزقاڵێكە و پێی تێر نابن.
و/ خالید ئەحمەد




