٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە بەیاننامەی سەرۆكایەتیی هەرێم دەكەن.. پێویستە بەریتانیا و ئەمەریكا روونكردنەوە بدەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە فەرمی بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتیی پێوەست بە كۆنگرەی لەندەنی راگەیاند كە نوێنەری كورد لەو كۆنگرەیەدا بەشداریی پێ نەكراوە، گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانەوە پشتگیریی خۆیان بۆ بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم دووپات كردەوە و بە پێویستیان زانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بەریتانیا روونكردنەوە لەبارەی بەشداریپێنەكردنی هەرێمەوە رابگەیەنن.

كۆنگرەی لەندەن كە تایبەت بووە بەو وڵاتانەی لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە شەڕدان و هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لەو هەرێمانە كە شەڕی گەورە لەسەر شانی ئەوانە و لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیدا كە 62وڵات بەشدارن ئەندامە، بەڵام لەوكۆنگرەیەدا هەرێم بانگهێشت نەكرا و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتیی لەم بارەیەوە بڵاو كردەوە، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش پشتگیریی ئەو بەیاننامەیە دەكەن و پێیان وایە پێویستە هۆكاری بانگهێشتنەكردنی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرەیەدا ڕوون بكرێتەوە.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (سەعدی ئەحمەد پیرە) بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتەكانی دەرەوەی ئەمەریكا و بەریتانیا خاوەن  بانگهێشتنامە بوون بۆ كۆنگرەی لەندەن، بەڵام ئەوان رێگر نەبوون لە بانگهێشتكردنی هەرێمی كوردستان، بەڵكە هەندێك لە وڵاتان بەشدار بوون لە كۆنگرەكە و رێگر بوونە لە بانگهێشتكردنی كورد بۆ كۆنگرەكە". بەڵام (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئامادەنە بوو ناوی ئەو وڵاتانە بهێنێت كە هۆكاری بانگهێشتنەكردنی كورد بوون لە كۆنگرەكەدا.

(سەعدی پیرە) گوتیشی، بانگهێشتنەكردنی كورد بۆ ئەو كۆنگرەیە سەرەتایەكی خراپە و كورد بە كردار ئەندامە لەو 62 وڵاتەی هاوپەیمانییان لە دژی تیرۆر پێك هێناوە و هەرێم لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەكات، هیچ لایەنێك بەقەدەر كورد زەرەرمەند نەبووە، لەبەر ئەوە بەشدارینەكردنی كورد ناڕه‌وایه‌ و پێویستە ئەمە قبووڵ نەكرێت.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕوونیشی كردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ ئەوەی هۆكارەكان ئاشكرا بكرێن و بزانن كێ رێگر بووە.
گوتیشی، بەیاننامەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان زۆر لە جێگەی خۆیدا بووە و پێویستە داوای ڕوونكردنەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بەریتانیا بكرێت بۆچی كورد لەو گۆنگەرەیەدا بانگهێشت نەكراوە.
(پیرە) بڕوایشی وایە، تەنیا بەشداریكردنی (حەیدەر عەبادی) بەس نییە بۆ بەشداریكردن لەو كۆنگرەیەدا و پێویست بوو ئەویش نوێنەرێكی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ خۆیدا بردبووایە.

لای خۆیەوە بەرپرسی ژووری پەیوندییە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دكتۆر (محەممەد حاجی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كورستانی راگەیاند: "پێویست بوو هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی بانگهێشتی كۆنگرەی لەندەن بكرابووایە، چونكە هەرێمی كوردستان لەجیاتی هەموو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی شەڕی داعش دەكات، هەرچەندە راستە سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشدار بووە بە نوێنەرایەتیی هەموو عێراق، بەڵام هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێك لە ناوچەكە رۆڵی دەوڵەتێك دەگێڕیت، لەبەر ئەوەی سەرۆك و حكوومەتی خۆی هەیە، بۆیە پێویست بوو نوێنەری هەرێم بە فەرمی بەشدار بووایە و رۆڵێكی بەرچاوی لە كۆنگرەكە هەبووایە".
بەرپرسی ژووری پەیوندیە سیاسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیشی خستە ڕوو، "بەیاننامە ناڕەزایەتییەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە شوێنی خۆی بووە و ئێمەیش وەكو بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو بەیاننامەیەداین و بانگهێشتنەكردنیش بە كەلێنێكی گەورە دەزانین".
لەلایەكی دیكەیشەوە ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی (سەلیم كۆیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی دیموكرتیی كوردستانی گوت: "بانگهێشتنەكردنی كورد بۆ ئەو كۆنگرەیە یەكێكە لەو ستەمانەی لە كورد دەكرێت، چونكە كورد شەهید دەدات و بەرگری دەكات و شەڕی داعش دەكات، بۆیە پێویستە نوێنەری سەرەكیی ئەو كۆنگرەیە كورد بووایە، چونكە هەموو وڵاتانی هاوپەیمان پشتگیریی كورد دەكەن".
(سەلیم كۆیی) گوتیشی، پێویست بوو كورد لەوێ بووایە بۆ ئەوەی بزانێت باسی چی دەكرێت و چ بڕیارێك دەدرێت، چونكە ئەمە پرسێكی گەورەیە.
(كۆیی) هێمای بۆ ئەوەیش كرد، مافی كوردە لەو كۆنگرەیەدا بەشدار بێت و پێویستە هۆكاری بانگهێشتنەكردنیش ئاشكرا بكرێت.
هەر لەم بارەیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (ئەبوبەكر هەڵدەنی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "بانگهێشتنەكردنی هەرێمی كوردستان وەك فەرامۆشكردنی هەرێمی كوردستان لێك دەدرێتەوە، كە ئەمڕۆ لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕی تیرۆریزمی جیهانییە كە خۆی لە رێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە بە دواداچوونی بۆ بكەین و بزانین هۆكارەكەی چییە".
(ئەبوبەكر هەڵدەنی) راشیگەیاند، پێویست بوو هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرەیەدا ئامادە بووایە، چونكە لە نزیكەوە ئاگاداری دواپێشهاتەكانی پاشەكشەی تیرۆرە لەو ناوچانە و خەڵكی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر زیانی زۆری پێ گەییشتووە.
(هەڵدەنی) ئاماژەیشی دا كە، بەیاننامە ناڕەزایەتییەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم لە شوێنی خۆی بووە و پێویستە ئەو ناڕەزایەتیانە بگاتە ناوەندی بڕیاری وڵاتانی هاوپەیمان و لە نیگەرانییەكانی خەڵكی كوردستان ئاگادار بكرێنەوە.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار