٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

چی بکەین باشە کە تیرۆریستەکان گەڕانەوە

سەرچاوە: KDP.info

لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا کە (بی‌بی‌سی) بڵاوی کردووەتەوە لەسەر چونیەتیی مامەڵەکردن لە گەڵ جیهادییەکانی ئەوروپا، بە تایبەتی کاتێک دێنەوە وڵاتەکانیان.

بەپێی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا (سی‌ئای‌ئەی) زیاتر لە (1500) توندڕەو لە هەشتا وڵاتی جیهانەوە ڕوویان کردووەتە سووریا و عێراق، هەندێک لە وڵاتان ئێستا بە توندی ڕێگری دەکەن لەوەی چیتر ڕێگا بەو شلیە نەدەن، هەندێکی تریشیان لۆکەیان لە گوێی خۆیان ئاخنیوە و، دەڵێی نە بای دێ و نە باران.
شیکەرەوەکانی ڕووداوەکان ئەو دۆخەی ئێستا وەکو شەڕی ئەفغانستانی ساڵی هەشتای سەدەی ڕابردوو دەشوبهێنن، ئەو کاتە شەڕکەرانی ئیسلام لە دنیاوە ڕوویان دەکردە بەرەی مسڵمانان لە دژی یەکیەتی سۆڤیەت، سەرەنجام شەڕەکە لە قازانجی ئیسلامیەکان لە ساڵی (1989) کۆتایی هات بەڵام بۆ زۆربەی شەڕکەرە توندڕەوەکانی دەرەوە، بە وتەی خۆیان شەڕ لە دژی کفر قەت تەواو نابێت.
بە پێی ڕاپۆرتەکە بەلجیکا و، فەرەنسا و، ئوسترالیا و، نەرویج و بەریتانیا، لەو وڵاتانەی جیهانن کە زۆرترین شەڕکەری ئیسلامییان چوونەتە عێراق و سووریا، زۆربەشیان لەناو داعشدان.
هەر ئەمساڵ پۆلیسی بەریتانیا (218) کەسی بە تۆمەتی توندڕەوی و تیرۆر گرتووە، (40) لەوانە ئێستا چاوەڕێی دادگاییکردنن. دیارە بەریتانیا لە تشرینی دووەمی دادێت، یاسایەکی نوێی دژە تیرۆر دەردەکات کە ڕێگە لە هاتنەناوەوەی شەڕکەرە توندڕەوەکانی ئیسلامی دەگرێت بۆ ناو بەریتانیا، مەگەر تەنها خۆیان ڕازی بن بە چاودێریکردن و مانەوەیان لە شوێنێکی دیاریکراو.
بە پێی یاسای دژە تیرۆری ئوسترالیا، هەرکەسێک لەو شەڕکەرانە گەڕایەوە ئەوێندەرێ دەیگرن، تاکو کۆمەڵگاکەیان پارێزراو بێت.
جێی باسە ڕای شارەزایان و کەسانی دیاری باڵای وڵاتانی جیهان لە سەر گەڕانەوە و چونیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان جیاوازە، هەندێکیان پێیان وایە دەبێت بە توندی ڕووبەڕوویان ببنەوە، هەندێکی تریشیان دەڵێن نا با تێکەڵی کۆمەڵگایان بکەینەوە، بەڵکە لە خەڵکیەوە فێر ببنەوە ژیاندۆستی چۆنە.
سایمۆن پالۆمبی ڕاوێژدەری کاسام‌هاوس لە بەریتانیا گوتی: "ئەو شەڕکەرانەی لە دەرەوە دێنەوە، پێویستە بە تاگ و کامێرای چاودێری، ئاگاداری جووڵەکانیان بین، چونکە لەوانەیە ئا وا زووتر بەر لە هەڕەشەکانیان بگرین."
بە پێچەوانەوە ڕیچارد بارێت جێگری سەوفان‌گروپ لە بەریتانیا گوتی: ئەو شەڕکەرانە پێویستیان بە یارمەتی دەروونی و فکری هەیە، هەر بۆیەش با تێکەڵی کۆمەڵگایان بکەین تاکو لە ژیان دۆستی و خۆشەویستی یەکتری باشتر تێبگەن.
هەڵبەتە ئێستا زۆر لە شەڕکەرە توندڕەوەکانی دەرەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەڵام لە ترسی گرتنیان و، یاسای ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر ناوێرن بگەڕینەوە، ئەوەتا پرۆفیسۆرێکی کۆلێجی شاهانەی بەریتانیا بۆ بی‌بی‌سی گوتوویەتی زیاتر لە 30 توندڕەو پەیوەندییان پێیەوە کردووە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەگەر دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەیان مابێت.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار