کامیرۆن: حکوومەتی عێراق دەبێت خۆی کارا بکات

بەریتانیا ـــKDP.INFOـــ دەیڤد کامیرۆن بۆ کەناڵی (سیبیئێس) گوتی، بەریتانیا بە توندی هەڕەشەی تیرۆریستیی لەسەرە و، زۆریش نزیکە کردەی تیرۆریستی لێ ڕوو بدات.
لە ڕاپۆرتێکدا دەنگی ئەمەریکا نووسیویەتی: "کامیرۆن لە چاوپێکەتنەکەیدا لەگەڵ (سیبیئێس) كە كۆتایی حەفتەی رابردوو بڵاو كراوەتەوە، پێی وا بووە بنبڕکردنی تیرۆر کاتێکی زۆری دەوێت، ئەوە تەنها بە ڕۆژئاوا ناکرێت دەبێت هاوکاریی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ بە گژداچوونەوەی تیرۆر.
گوتیشی پێویستە حکوومەتی عێراق کارا بکرێت، بەرپرسانی عێراقی دەبێت گەورەترین هاوکاری پێشکەش بکەن لە نەهێشتنی گەشەکردنی بیری توندڕەوی و بەگژاچوونەوەی داعشدا.
لەدوای ڕووداوەکەی پاریس بەریتانیا باش کەوتووەتە خۆی، هەر لەو هەڵمەتانەی کە دەستی پێکردوە، نامەیەکی بۆ (1000) مزگەت ناردوە داوایان لێ دەکات ڕۆڵیان هەبێت لەو بەرپرسیارییەتیەی کە پێیان دراوە. لە نامەکەدا نووسراوە: (ئێوە کە بە پیاوانی ئایین ناسراون، ئەرکتان لەسەر شانە و، پێگەیەکی دیارتان هەیە لەنێو کۆمەڵگەدا، پێویستە بۆ باوەڕدارەکانتان ڕوون بکەنەوە کە ئایینی ئیسلام چۆن و، بە چ ڕێگەیەک دەبێتە ناسنامەیەکی بەریتانیایی، دەبێت هەموو پێکەوە ئەو دەرفەتە لەدەست نەدەین بۆ دەرخستنی ڕووە ڕاستەکەی ئیسلام لە بەریتانیا.
جێی باسە هەر ئەمڕۆ لە بەلجیکا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا دەبەسرێت، کارنامەی کۆبوونەوەکە زیادکردنی هاوکاری و، هاوپەیمانیەتیە لەنێو خۆیاندا بۆ بەگژداچوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.
فلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بەشدار دەبێت و، لەو بارەیەوە گوتی: خاڵێکی جەوهەریی کۆبونەوەکە تێڕامان و، کارکردنە لەسەر چۆنیەتیی بەگژداچوونەوەی ئەو توندڕەوانەی کە لە سووریا و عێراق گەڕاونەتەوە.
لەبارەی هەڕەشەکانی تیرۆرەوە هامۆند گوتی: وڵاتە ئیسلامییەکان لە پێش وڵاتانی تری جیهانن، کە تیرۆر زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون و، هەر لە پێشەوەش دەمێنن، هەر بۆیە دەبێت زیاتر هاوکاری پێشکەش بکەن لە بنبڕکردنی بیری توندڕەوی و تیرۆردا.
جێی باسە بەریتانیا لە دوای فەرەنسا یەکەمینە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کەسی چوونەتە پاڵ داعش و گرووپە تیرۆریستەکانی تر.
و/ خالید ئەحمەد




