سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی: لە هەر شوێنێك تیرۆریستان بە نیازی پەلامار بن، پێشمەرگە بڕیاری كۆنترۆڵكردنی دەدات

هەولێر ـــKDP.INFOـــ سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دیجلە، ڕایگهیاند، لە هەر شوێنێك تیرۆریستان بەنیاز بن پەلاماری پێشمەرگە بدەن ئەوە پێشمەرگە بڕیاری كۆنترۆڵكردنی دەدات
سەرچاوەیەكی باڵای سەربازی لە میحوەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دیجلە، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی بەنداوی مووسڵ، تیرۆریستانی داعش بە مەبەستی زیانگەیاندن بە پێشمەرگە لە گوندی ساڵحیە كە دەكەوێتە سێ كیلۆمەتری باشووری قەسەریج وەك ناوەندێك بۆ زیانگەیاندن بە پێشمەرگە بەكار دەهێنا."
ئهو سهرچاوه باڵا سهربازییه گوتیشی: "سهعات 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 24 هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ تێكشكاندنی جموجۆڵەكانی داعش لەم گوندە پەلاماری مۆڵگەكانی داعشیان لە ساڵحیە دا و لە ماوەی 2 سهعاتدا كۆنترۆڵیان كرد. لە ئەنجامی ئەو شەڕدا تیرۆریستان زەبرێكی كوشندەیان بەركەوت و، 14 لاشەیان كەوتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە و، چوار ئۆتۆمۆبیل و حەفارەیەكیان لێ بەجێ ماوە و، هەروەها هەمەرێكی سەربازیی داعش لە لایەن هێزی پێشمەرگە تێك شكێندراوە و، پێشمەرگەیش هیچ زیانێكی پێ نەگەییشتووە و، لە ئۆپراسیۆنی ئەمڕۆی پێشمەرگەدا مۆڵگەی تیرۆریستان لە گوندەكانی ساجیعە و، هاروون و، قۆبك لە لایەن تۆپخانەی پێشمەرگە بە چڕی تۆپباران كرا.
ئهو سهرچاوهیه باسی لهوهش كرد: "پەلاماری ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە گوندی ساڵحیە وانەیەكە بۆ تیرۆریستان كە لە هەر شوێنێك بە نیاز بن پەلاماری پێشمەرگە بدەن، یان خەڵكێك هاوكاریی تیرۆریستان بكات، ئەوە پێشمەرگە بۆ دووركردنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان بڕیاری كۆنترۆڵكردنی ئەو شوێنە دەدات.




