٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرسەنامەی مەکتەبی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی ڕۆشنبیر و نووسەری ناوداری کورد وەزیرێ ئێشۆ

سەرچاوە: KDP.info

بە داخەوە ڕۆژی هەینی 23ـی 1ـی 2015 لە نەخۆشخانەیەکی شاری برۆکسێلدا، نووسەر و ڕۆژنامەوان و مێژووناس و، کەسایەتیی ناوداری کورد، (وەزیرێ ئێشۆ) لە تەمەنی 81 ساڵاندا کۆچی دواییی کرد. وەزیرێ ئێشۆ دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و، کوردی ئێزدیی وڵاتی ئەرمەنستان بوو. هەر لە سەرەتای لاویەتییەوە لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەتی گەلەکەی کردووە و، ساڵانێکی زۆر سەرپەرشتیاری ڕادیۆی کوردی بووە لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمەنستاندا و، سەرنووسەری زۆربەی ڕۆژنامەکانی ئەوکاتەی یەریڤان بووە. جگە لەوەش نوسەر و ڕۆشنبیرێکی ناسراو بوو و، چەندین ڕۆمان و بەرهەمی ئەدەبی و کتێبی مێژوویی و وتاری لە بارەی کورد و، شۆڕشەکەی بارزان و ڕۆڵ و خەباتی بارزانی نەمر هەبوو و، ماموستای زانکۆ بووە لە بەشی رۆژهەڵاتناسی - کوردستان لە زانکۆی لێنینگراد و ساڵی 2007 کتێبی (دۆسێی بارزانی لە سندووقی پۆڵایی ستالیندا)ی نووسی، هەروەها سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکی زانستیی بوو لە سەر ژیانی بارزانی نەمر لە ساڵانی نێوان 1947 تاکوو 1958.
وەزیرێ ئێشۆ تا کۆتایی ژیانی هەر لە خەباتی کوردایەتیدا بەردەوام بوو؛ دڵسۆزی ڕێبازی بارزانی بوو لە ناوەندە سیاسییەکانی برۆکسێل، لە هەوڵەکانی بۆ ناساندن و، پشتگیریکردنی دۆزی گەلی کورد بەردەوام بوو.
بە کۆچی دوایی وەزیرێ ئێشۆ، گەلەکەمان ڕۆشنبیر و نووسەر و تێکۆشەرێکی گەورەی لە کیس چوو، خەمباری کردین. پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی تێکۆشەری وەزیرێ ئێشۆ و، سەرجەم خزم و کەسوکار و، هەڤاڵانی دەکەین و، هاوبەشی خەمتانین.
گیانی شاد بێت و، هیوای دڵنەوایی و سەبوورییش بۆ هەموو لایەک دەخوازین.

مەکتەبی سەرۆک
23ـی 1ـی 2015

هەواڵی پەیوەندیدار