دوای مردنی شا عەبدوڵڵا، سیاسەتی نەوت ناگۆڕێت

هەولێر ـــKDP.INFOـــ لە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرزدا لەسەر چارەنووسی بازاڕی نەوت دوای مردنی شا عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەدرێژەدان بەو سیاسەتەکەی جارانی نەوت کردووە.
زۆربەی شیکەرەوەکانی بواری نەوت پێیان وایە، شای نوێی عەرەبستان خۆیشی لەو سیاسەتەی ئێستای نەوت بەشدار بووە، هەڵبەت بۆیە گۆڕانکاری لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمدا دروست نابێت، تەنها هیوایەک لەو بوارەدا کە مابێ بۆ ئەو گۆڕانکارییە، مانەوە یاخود نەمانەوەی وەزیری نەوتە لە پۆستەکەیدا.
ڕاپۆرتێکی تری ڕۆیتەرز لە بارەی وەزیری نەوتەوە، نووسیویەتی شا سەلمان وەزیری نەوت لە پۆستەکەی خۆیدا دەهێڵێتەوە، بەوەش سیاسەتی نەوت ناگۆڕێت.
جێی باسە لەدوای ڕاگەیاندنی مردنەکەی شا عەبدوڵڵا، بازاڕی نەوت کەمێک هەڵکشا، نەوتی خاوی برێنت (78 سەنت) بەرز بووەوە و، بە گشتی هیوایەک بۆ هەڵکشانەوەی نرخی نەوت بەدی دەکرا بەڵام ڕاپۆرتە شیکارییەکان پێیان وایە شای کۆن و شای نوێ، یەک سیاسەتی نەوت پەیڕەو دەکەن، ئەویش کەمنەکردنەوەی ئاستی بەرهەمە.
و/ خالید ئەحمەد




