رۆژنامەیەکی ئەمریکا: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وا لە عەبادی دەکات بە سەربەخۆی کورد رازی بێت

ئەمریکا-KDP.info-پێگەی فەرمی (فۆڕن ئەفێیەرز) ی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی شیکاری لەسەر هەوڵەکانی (عەبادی) و سیاسەتی کابینەکەی بڵاو کردۆتەوە و بە خاڵێکی پیکەوە ژیانی گشت عێراقییەکانی ناو بردووە.
لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، کورد لەسەردەمی مالیکی پشتگوێ خرابوون، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە ئێستا شەڕی داعش لە جیاتی جیهان دەکات لەلایەن (مالیکی) پشتیوانیان لێ نەدەکرا، بە پێچەوانەوە (عەبادی) هەر لە چەند مانگی پێشوی دەست بەکاربوونەکەیەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکەیدا، تا سەرەنجام پێکەوە لەگەڵ هەرێم گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر سەرچاوەکانی وزە و، هەروەها لە نێو ڕێکەوتنەکەشدا هاتوە کە عێڕاق پشتیوانی پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات.
خاڵێکی جەوهەری تر کە ڕاپۆرتەکە تیشکی خستۆتەسەر هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆیی کوردان و لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەو ڕێکەوتنە ڕێگا بە (عەبادی) دەدات ڕازیبێت لە داواکەی کوردان بەرە و سەربەخۆییبوون و هاوکاریکردنیان لەگەڵ ئەمەریکادا.
دواتر ڕاپۆرتەکە دێتە سەر بارودۆخی سوننەکان و، نوسیوویەتی ئەوانیش لە (مالیکی) نیگەران بوون ئاخر (مالیکی) عێڕاقی بەرەو شیعەگەری دەبرد و، کورد و سەننەی پەراوێز خستبوون. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە تا ئێستاش سوننەکان تەواو متمانەیان بەحکوومەتی عێڕاق نییە، بەڵام هەرچونێک بێت (عەبادی) هەوڵی داوە بۆ نزیک خستنەوەی هۆزە سووننەکان بەتایبەتی لە ئەنبار و، دەیەوێت لە حکوومەتی ئێستادا سودمەندبن، خۆ ئەگەر (عەبادی) درێژە بەو سیاسەتەی بدات سوننەکانیش بەرە و پشتیوانی دەسەڵات ڕادەکێشێتەوە.
هەوڵی نێودەوڵەتی:
بەپێی ڕاپۆرتەکەی (فۆڕن ئەفێیەرز) ئێستا عێڕاق لەگەڵ دراوسێکانی سیاسەتێکی باش پەیڕەو دەکات، لە سێ مانگی ڕابردودا عێڕاق لە ئاستی باڵادا بەرپرسانیان سەردانی بەحرەین و، کوەیت و، عەرەبستان و، ئیماڕاتی یەکگرتویان کردووە، بۆ ڕەواندنەوەی گرژی و نیگەرانیەکانی نێوانیان.
جگە لەوەش (عەبادی) سەردانی میسر و، ئەردەن و، تورکیاشی کردوە بۆ تاوتوێکردنی ستراتیژی ناوچەکە و، هاوکاریکردنی عێڕاق لە بەگژداچونەوەی داعشدا. ئەو هەوڵانە کەشێکی ئەرێنی سیاسەتی عێراقی دوای (مالیکی) نیشاندەدەن.
لەمپەرەکانی بەردەم (عەبادی)
لە ڕاپۆرتە شیکارییەکەی (فۆڕن ئەفێیەر) دا هاتوە، لەوانەیە عەبادی بەو کارانەی هەندێک لە پشتیوایەکانی دەوڵەتی یاسا و سیاسییە شیعەکان لەدەست بدات، بەتایبەتی هەندێکیان کە لە ڕێکەوتنەکەی بەغدا و هەرێم توڕەن. بەڵام سەرەنجام پێویستە دەوڵەتی ئێستای عێڕاق بێ گوێدانە ڕەنگ و جۆری مەزهەبی و نەتەوەیی، پەنا بۆ پشتیوانی گشتیی لە وڵاتدا ببات.
کۆتایی ڕاپۆرتەکە هەڵسەنگاندنەکانی لەسەر هەوڵەکانی ئێستای (عەبادی) و حکوومەتی عێڕاق بە ئەرێنی زانیوە، هەڵبەت بۆ ئەوەی هەموو عێراقیەکان هەست بەبوونی خۆیان بکەن دەبێت (عەبادی) و کابینەکەی درێژە بە سیاسەتی پێکەوە کارکردن بدەن.
و/ خالید ئەحمەد




