لە وانكێوە تەرمی 121 داعش گەڕێندرانەوە مووسڵ

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لەئەنجامی هێرشەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی وانكێ (121) تەرمی داعش گەڕێندراونەتەوە شاری مووسڵ، داعشیش (25) سەركردەی خۆی گوللەباران كردوون بە هۆی ئەو شكستە گەورەیەی كە بەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان بردیان.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە ئەنجامی هێرشەكانی پێشمەرگە قارەمانەكان لە ناوچەی وانكێ (121) تەرمی تیرۆریستانی داعش گەرێندراونەتەوە ناو شاری مووسڵ، كە (11) لەو تەرمانە بیانی بوون.
گوتیشی، "داعش (25) سەركردەی خۆی گوللەباران كردوون، ئەمەیش لەبەر ئەوەی كە ئەو كەسانە بە كەمتەرخەمی لەو شكستە گەورەیەدا تۆمەتبار كراون كە دوو رۆژ لەمەوبەر بەرانبەر پێشمەرگە قارەمانەكان بردیان، لە ئێستایشدا داعش لەناو شاری مووسڵ لە دۆخێكی زۆر خراپدان دوای ئەو شكستە گەورەیەی كە خواردیان".
(سەعید مەموزینی) دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش لە شارۆچكەی (بەعاج) كە دەكەوێتە رۆژئاوای شاری مووسڵ، قایمقامییەت و شارەوانی و (29) خانوویان تەقاندوونەتەوە، ئەم كارەیشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەو باوەڕەدان ماوەیەكی زۆر كەمیان لەم ناوچەیەدا ماوە، بۆیە هەوڵ دەدەن لە دوای خۆیاندا وێرانەیەك بەجێ بهێڵن".
(مەموزینی) هەروەها ئاماژەی دا كە، "لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێكدادانەی كەوتووەتە نێوان تیرۆریستانی داعش و چەكدارانی نەقشبەندی، (23) كەس كوژراون، كە نەقشبەندییەكان باڵی (عێززەت دووری)ـن و لە بەعسییە كۆنەكان پێك هاتوون.
سەرباز واحد




